روشنبیرێکی دیاری پارتی: هەولێر دەتەقێتەوە

بەدران حەبیب بەرپرسێکی پێشووی دەزگای رۆشنبیری ئاراس لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیوێتی" هەولێر دەتەقێتەوە ئەگەر خۆتان فریا نەکەون". و هەروەها دەشڵێت" ئەگەر داوێکی نیشتمانپەروەری مابێت، پێویستە تا زووە بە هاوارەوە بێن و فریای بانگەوازی ئەم گەلە بکەون کە هەر ئەو ئێوەی دروست کرد، ئەو گەلەی هەموو قوربانییەکی دا و پشووی درێژ بوو لەگەڵتاندا".

دەقی وتارەکەی بەدران حەبیب:

هەولێر دەتەقێتەوە ئەگەر ئێوە خۆتان فریا نەکەون.

من ئەم داوایەم لەو کەس و لایەنانەیە کە دەتوانن فریا بکەون و نەهێڵن ئەوەی روو دەدات روو بدات، بە تایبەتی (پارتی) لە بەرزترین لووتکەیەوە تا دوا بنکەی خۆی پێویستە ئەو وتانەی ئیدریس مەسعوودی نانەوا بە هەند وەرگرێت و ئاوڕێک لەو بارودۆخە چەوت و چەوێڵە بداتەوە کە هاتووەتە گۆڕێ.

(هەولێر و هەولێری) کۆیلە نین، وەک کە راگەیاندنی یەکێتی چەندان ساڵە کردوویە بە بنێشتە خۆشکەی بن ددانی خەڵکەکەی، دوور نییە پارتییش بەم ناووناتۆرەیە باوەڕی کردبێت، جیاوازیی هەولێر ئەوەیە، رووی نەداوە هیچ جارێک کە پەنگدانەوەی ناخی خەڵکەکەی بە فێڵ و تەڵەکەی دەسەڵاتێک بەتاڵ بووبێتەوە، ناخێکی ئاوها پڕی هەولێر و هەولێری، دواجار گوریسی دەگاتە بن هێچک (کوردواتەنی) و کار لە کار دەترازێنێت.

بۆیە، داوا دەکەم بەسە چیتر گوێ لەو داودەزگە و راگەیاندنەی خۆتان مەگرن کە رێتان پێ هەڵە دەکەن و دەڵێن "هەولێری هەموو هەبووە و تێرن و هیچ کێشەیان نییە”، نەوەکا هەر خۆیشتان دوایە گلەیی بکەن و بڵێن کەس نەبوو رێبەدێییمان بکات.

ئەگەر داوێکی نیشتمانپەروەری مابێت، پێویستە تا زووە بە هاوارەوە بێن و فریای بانگەوازی ئەم گەلە بکەون کە هەر ئەو ئێوەی دروست کرد، ئەو گەلەی هەموو قوربانییەکی دا و پشووی درێژ بوو لەگەڵتاندا.

ئەگەر فریا نەکەون، دڵنیا بن حکوومەتی شیعە لە بەغدا، لە ئاسمان بە دوای هەلدا دەگەڕێت و لە زەویدا دەکەوێتە دەستی.

ئەگەر فریا نەکەون، خۆتان باشتر دەزانن چۆن کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیە خوا خوای ئەو رۆژەیانە هەلێکی وایان بێتە دەست کە ئەم دەسەڵاتە خۆماڵییەی ئێمە بەرەو گۆڕستان بپێچنەوە.

تکایە تەنیا یەک جار واز لە پشت بەستن بە دەرەکی و خوڕین بە دەرەکی بێنن و وەرنەوە لای ئەم گەلە مەزنەی خۆتان.

چەند جوانە کە حاجی قادری کۆیی وتی:

حاجی کەسێکە بێکەس، بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ
گوێی لێ دەکەن زەریفە، نایکەن، بەڵا لە خۆتان 



AM:10:00:11/01/2024