تورکیا کوژرانی ٩ سەربازی راگەیاند
هەپەگە: کوژراوەکان زیاترن

وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاویکردوەتەوە کە لە ئەنجامی هێرشیەکی پەکەکە بۆسەر بنکەکەیەکی سوپای تورکیا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی (چنگی قفڵ) نۆ سەرباز کوژراون، هەرچی پەکەکەیە رایگەیاند" لە ئۆپراسیۆنێکدا لە رۆژئاوای زاپ گەریلاکان چەندان سەربازی تورکیایان کوشتووە".

شەوی رابروود لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاندبوو" لە ئەنجامی هێرشێکی پەکەکە بۆسەر بنکەیەکی سوپای تورکیا لە ناوچەی ئۆپۆراسیۆنی( چنگی قفڵ)، پێنج سەرباز کوژران و هەشت سەربازیش بریندار بوون".

 دواتر وەزارەتەکە لە سێ بەیاننامەی دیکەدا ئاشکرای کرد" کە چوار سەربازی بەهۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکان گەیشتە نۆ سەرباز".

دوای هێرشی پەکەکە، سوپای تورکیا چەند بنکە و بارەگایەکی پەکەکەی لە ناوچەکانی مەتینا، خواکوڕک، قەندیل و چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانی بۆردومان کردووە.

لەبارەی زیانەکانی پەکەکە وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاندووە" ١٢  گریلای پەکەکەیان کردووەتە ئامانج".

لە بەرامبەردا پەکەکە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند" لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێکدا لە دژی سەربازانی تورکی داگیرکەر لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ،هێزەکانی گەریلا سوپای تورکیان بە تەواوەتی لەو ناوچانەی تێدا جێگیرببوون، راماڵی. لە ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕییەکەدا ژمارەیەکی زۆر سەربازی تورکی داگیرکەر بە سزاگەیەندران".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" هێزەکانی گەریلا دەستیان بە سەر ژمارەیەک زۆر لە چەکی داگیرکەراندا گرت و چەندین سەنگەر، کۆنتینەر، چەک و کەلوپەلی سەربازییان ئاگرتێبەردا و سوتاندیانن".

ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە هێشتا میدیاکانی پەکەکە ژمارەی تەواوی کوژراوەکانی سوپای تورکیایان بەدەست نەگەیشتووە، بۆیە پێدەچێت لە ئایندەدا زانیاری زیاتر بڵاوکەنەوە.




PM:12:36:13/01/2024