نوری مالکی لە بارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی، ئەمڕۆ شەممە، جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، و ناردنی مافە داراییەکان بۆ هەرێم کردەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا، کە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاندووە، "سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نووری مالیکی، لە نووسینگەکەی پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری کرد”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی وڵات کرا، هەروەها ڕەوتی پڕۆسەی سیاسی، ئەو تەحەدایانەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانی عێراق لەسەریان کرا".

مالیکی جەختیکردەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پەیوەست بە پرسی دۆخی ئەمنی، و ناردنی مافە داراییەکان بۆ هەرێم، وتی " ئێمە هاوبەشین لە گەیشتن بە سەقامگیری و ئاسایش لە سەرتاسەری وڵاتدا”. ئاماژەی بەوەشکردووە، "چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم شتێکە کە بۆ هەموومان واجبە" "بەردەوامی کێشەکان لە بەرژەوەندی کەسدا نییە".

نێچیرڤان بارزانی بەسەردانێک بۆ بەشداری لە ساڵرۆژی کوژرانی محەمەد باقر حەکیم گەیشتە بەغدا و لەو سەردانەدا چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سودانی و سەرکردە عێراقییەکان و نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسادا ئەنجام دا.




PM:09:51:13/01/2024