نێچیرڤان بارزانی ئەنجامی گەشتەکەی بۆ بەغداد ڕادەگەیەنێت

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ستایشی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئێوارەی ئەمڕۆ ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری بەغداد رایگەیاند" سەردانەکەمان بۆ بەغداد بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ بەشداریکردن بوو لە مەراسیمەکانی ڕۆژی شەهیدی عێراق، و دوای ئەوە و لە دوێنێوە کۆمەڵێک کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا". 

وتیشی" لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق دوو تەوەری بنەڕەتیمان تاوتوێکرد، یەکەمیان پرسی بژێوی ژیانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، پێمانوایە حکومەتی هەرێم هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێکردووە، دەبێت پرسی مووچە لە هەرێمی کوردستان وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ئەم پرسە نابێت ببێتە پرسێکی سیاسی یان کاغەزی و فشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکەن". 

نێچیرڤان بارزانی ڕوونیشیکردەوە، مانگانە بۆ دابەشکردنی مووچە پێویستیان بە ٨٧٥ ملیار دینارە، حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی شەفاف سەرجەم داتاکانی رادەستی بەغدا کردووە و ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەتی فیدراڵیش پابەندییەکانی جێبەجێ بکات. 

لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بارزانی وتی" دواخستنی هەڵبژاردن شەرعییەتی دامەزراوە حکومییەکانی هەرێمی خستووەتە ژێڕ پرسیارەوە، سبەینێش لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی وادەیەکی دیکە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە دیاری بکەین". 

پەیوەست بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕایگەیاند" لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد باسمان لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كردووە و هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن بە زووترین كات هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە". 

سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری كەركوك نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پرسی پارێزگای كەركوك گفتوگۆدەكەن و لێكتێگەیشتن لەسەر ئەو پرسە دەكرێت. 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیاریدا بڕی (٦١٨) ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بکات.


PM:07:26:14/01/2024