بەهۆی توندوتیژی دژی خوێندکارێک
لە کەرکوک بەڕێوەبەری خوێندنگەیەک دووردەخرێتەوە

بەڕێوەبەری خوێندنگەی (روئیەی شاری کەرکوک)، بەهۆی توندوتیژی دژی خوێندکارێک لە پۆستەکەی دورخرایەوە. 

سامان مەجید یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوک، ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە" نوسینگەی وەزیری پەروەردە ھاتووەتە سەر خەت و دەستبەجێ پەیوەندییان بە پەروەردەی کەرکوکەوە کردووە و داوایان کردووە فەرمانێکی کارگێڕی بۆ دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری خوێندنگەی (ڕوئیەی) کەرکوک لە پۆستەکەی دەربکەن". 

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسی لێدان لەو کچە خوێندکارە پێکدەهێنرێت و سەردانی ماڵی خوێندکارەکە و مامۆستا و خۆێندنگاکەش دەکەن. 

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کچە خوێندکارێک کە بانگەشەی بەکارھێنانی توندوتیژی دەکرد لە دژی لەلایەن مامۆستاکەیەوە، بەوھۆیەوە بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگەیە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

ئەمڕۆ گرتەیەکی ڤیدیۆی کچە خوێندکارێکی خوێندنگەی روئیەی پارێزگای کەرکوک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە ئاماژە بەوە دەکات لەلایەن "بەڕێوەبەرو مامۆستاکەیەوە ئەشکەنجەدراوە و قسەی نەشیاوی پێوتراوە".


PM:07:56:14/01/2024