سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی فڕۆکەخانەی هەولێر کران

دژه‌ تیرۆری كوردستان رایدەگەیەنێت" بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سێ درۆنی بۆمبڕێژكراو کە ئاڕاسته‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر كران خرانه‌ خواره‌وه‌". 

دژەتیرۆری کوردستان (پارتی)، کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" کاتژمێر (٥:٥) خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئاڕاستەی بنکەی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی هەولێر کراون". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کراون تێکشكێنراون و خراونەتە خوارەوە. 

درەنگانی شەوی رابردوو لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە مووشەک هێرشێکی فراوان کرایە سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەولێر و بەهۆی هێرشەکانیشەوە پێنج هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش برینداربوون.


AM:10:55:16/01/2024