"ئێران لە سیاسەتی هەرێم و پارتی ناڕازییە بۆیە هێرش دەکاتە سەر هەرێم"

‌‌‌مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری سەربەخۆی کورد
سیاسەتمەتدار و چاودێرێکی سیاسی دیاری کورد و عێراق، سەبارەت بە هێرشەکانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" ئێران پێی وایە کورد زیاد لە سنوری خۆی لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و تورکیا ڕۆشتووە و لە سیاسەتی هەرێم و بە تایبەت پارتی ناڕازییە". 

مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری سەربەخۆی کورد و ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە"
 ئێران لەو سیاسەتە ڕازی نییە کە کورد هەیەتی، لە حکومەت و بە تایبەت لە پارتی ناڕازییە، ئێران پێی وایە کورد زیاد لە سنوری خۆی لەگەڵ ئەمەریکا و تورکیا ڕۆشتووە، ئێران مەترسی زۆرە لەسەر کورد، دەتوانێت زەرەری گەورە لە کورد بدات". 

مەحموود عوسمان دەشڵێت" ئەمەریکا دەبوو کورد بپارێزێت، بەڵام بێدەنگە و دەڵێت ئێمە هیچ خەسارەتمان نییە، گرنگ ئەوەیە خۆیان بەر نەکەون ئەگینا پارێزگاری لە کورد ناکەن، حکومەتی عێراقیش لەگەڵ ئێران ڕێکە و کوردیش خۆی یەکگرتوو نییە، کەواتە کێ دیفاع لە کورد بکات؟،  ئیتر هێرشەکان بەردەوام دەبێت، چ ڕێگریەک هەیە تا بەردەوام نەبێت". 

وتیشی" ئێران خۆشی دەزانێت ئیسرائیل و موساد لە هەولێر بوونیان نییە، ئەو کەسانەی لە سوریا لێی کوژراون لەلایەن ئیسرائیلەوە تۆڵە لە هەولێر دەکاتەوە، کورد ناتوانێت خۆی لە شەڕی ناوچەی بە دوور بگرێت، کورد دەبێت هۆشیار بێت و باڵانس لە نێوان هێزە گەورەکان ڕابگرێت و نابێت تەنها پشتببەستێت بە ئەمەریکا، چونکە ئەمەریکا پارێزگاری لێناکات، سیاسەتی ئێرانیش ئەوەیە دەیەوێت خۆی دەوری سەرەکی هەبێت لە ناوچەکە". 

هێرشەکەی شەوی دووشەممەی ڕابردوو بۆسەر هەولێر کاردانەوەی ناوخۆی و دەرەکی لێکەوتەوە، لەلایەن ئەمەریکا و بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمەوە بە توندی ئیدانەکرا.


AM:10:30:17/01/2024