تەرمی هاوڵاتییەکی کورد بە کوژراوی لە کەرکوک دەدۆزرێتەوە

تەرمی هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٧٣ ساڵ لە کەرکوک دۆزرایەوە کە شوێنەواری گولـلەی بەسەر جەستەیەوە دیارە و کەسووکارەکەی دەڵێن" کردەوەکە تیرۆریستییە".

ئەمڕۆ پێنج شەممە تەرمی هاوڵاتییەکی کورد لە کەرکوک دۆزرایەوە کە شوێنەواری گولـلەی بەسەر جەستەیەوە بووە.

ئەو هاوڵاتییە ناوی رەحیم میرزایە و تەمەنی ٧٣ ساڵە.

برای کوژراوەکە سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاندووە"  لە دوێنێوە براکەی لە ماڵ دەرچووە دوای ئەوەی مۆبایلەکەی دادەخرێت دەکەونە سۆراغکردنی لە رێگەی کۆمپانیاکانی پەیوەندییەوە دەردەکەوێت مۆبایلەکەی لە قەرەهەنجیرە، لە کامێرای چاودێری بازگەی چیمەنیشەوە بەرەو سلێمانی ئۆتۆمبێلەکەی دەرکەوتووە و گەنجێک لێی خوڕیوە، دوای ئاگادارکردنەوەی دەزگا ئەمنییەکان تەرمەکەی لە چەمی گۆران دەدۆزرێتەوە کە شوێنەواری گولـلە بەسەر جەستەیەوە دیارە".

دەشڵیت" کردەوەکە تیرۆریستییە و بنەماڵەی ئێمە ناخۆشی و کێشەمان لەگەڵ کەسدا نییە".

تا ئێستا پۆلیس هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەم رووداوە نەخستووەتەڕوو.




PM:12:51:18/01/2024