ئێران وەفدێک لەبارەی ھێرشەکەی سەر ھەولێر ڕەوانەی بەغداد دەکات

سەرچاوە عێراقییەکان ئاشکرای دەکەن، ئێران وەفدێکی رەسمی ڕەوانەی بەغداد دەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیران و لێکەوتەکانی بۆردومانی ھەولێر.

ئەمرۆ پێنج شەممە ١٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، بەرپرسێکی دیبلۆماسی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە عەرەبی جەدیدی ڕاگەیاند، "ئێران بە نیازە وەفدێکی فەرمی ڕەوانەی بەغدا بکات، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێکەوتەکانی بۆردومانەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری ھەولێر، پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی داھاتوودا تاران بە رەسمی وەفدێک ڕەوانەی بەغداد  بکات، بۆ ڕوونکردنەوەی دیدگای ئێران سەبارەت بە بۆردومانکردنی شاری ھەولێر کە بەوتەی تاران، بارەگای مۆسادی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج".

ڕاشیگەیاند، "وردەکاری و ئامانجی ھاتنی وەفدی داھاتووی ئێران دیار نییە ، بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بۆ ڕوونکردنەوەی ھەڵوێستی ئێران و کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان و ڕێگریکردن لە دەستوەردانی لایەنەکانی دیکە بەتایبەت ئەمریکا ھاوکاریکردنی عێراق بۆ تۆمارکردنی سکاڵا دژی تاران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی".

بە وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزارەتەکەیان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی فایلێکی تەواویان سەبارەت بە شوێنەکانی بۆردومانی ئێران و قوربانییەکان ئامادە کردووە، ھەروەھا پووچەڵکردنەوەی تەواوەتی چیرۆکی ئێرانی سەبارەت بە بوونی بارەگای موساد لەخۆگرتووە لە شوێنە ئامانجدارەکان.


PM:07:26:18/01/2024