پارتی بۆ دیاریکردنی دوو پارێزگار دەست بە دانوستان دەکات

وتەبێژی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەتوانن یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان بکەن". 

ھاوار محەمەد وتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی، ئەمڕۆ سێشەممە بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندووە" لە ڕووی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەتوانن دەست بە کۆبوونەوەی خۆیان بکەن، بەڵام پێویستی بە ڕێککەوتن ھەیە بۆ ئەوەی پارێزگار دیاری بکرێت، بە تایبەتی لە ھەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکوک، ھیچ لایەنێک ناتوانێت بە تەنیا پارێزگار دیاریبکات و پێویستی بە ڕێککەوتنی کوتلەکانی ئەنجوومەنی پارێزگایە".

دەشڵێت" پارتی لە ھەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکوک دەست بە دانوستان دەکات بۆ ئەوەی ھاوپەیمانی دروست بکات بۆ دیاریکردنی پارێزگار و حکومەتی خۆجێی ھەردوو پارێزگاکە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، مەرج نییە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن پارێزگار دیاریبکرێت، تەنیا بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن کۆبوونەوەی یەکەم بەڕێوەدەبات تا سەرۆک و جێگری ئەنجوومەن دیاری دەکرێن، دواتر پارێزگار لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە دیاریدەکرێت، بەڵام پێویستی بە ڕێککەوتن ھەیە، چونکە ھیچ لایەنێک نەیتوانیوە بەشی ئەوەندە کورسی مسۆگەر بکات پارێزگار دیاریبکات.


PM:01:12:23/01/2024