وەزارەتی دارایی هەرێم داوای لیستی مووچە دەکات

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نووسراوی ئاڕاستەی سەرۆکایەتییەکان و گەنجینەکان کردووە کە لیستی مووچەی پەسەندکراوی بۆ ڕەوانە بکەن.

بەپێی نوسراوێك کە ناوەڕۆکەکەی لە میدیای پارتی و گۆڕاندا بلاوکراوەتەوە ئەمرۆ ٢٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی دارایی نووسراوێکی ئاڕاستەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێم، پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەریی و گشت وەزارەت و دەستە و فەرمانگە نەبەستراوەکانی کردووە، داوا لێ کردوون دەکات لیستی مووچەی پەسەندکراویان بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی.

لە نووسراوەکەدا داوا کراوە مانگانە لیستی مووچە بەپێی مووچەی بنەڕەت، جۆری دەرماڵە، لێبڕینی خانەنشین و باجی دەرامەت بە وردبینی و پەسەندکراوی بنێردرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەکان بۆ مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ.

وەزارەتی دارایی داواشی لە وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان کردووە، مانگانە بەر لە ١٠ی مانگ لیستی مووچەکانیان بنێرن.

 تا ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ و مووچەی سێ مانگی کۆتایی ٢٠٢٣ نادیارە، هەرچەندە دوینێ وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەك کرد.


PM:02:55:23/01/2024