بانکی ناوەندی سێ هەژماری کۆمپانیای فلای بەغدا سڕ دەکات

بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بانکی ناوەندی هەژماری کۆمپانیای فلای بەغدای فڕۆکەوانی لە سێ بانکی سەرەکی سڕکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو کۆمپانیایە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزادرا.

میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، بانکی ناوەندی هەژماری کۆمپانیای فلای بەغدای لە سێ بانکی سەرەکی سڕکردوە، ئەویش وەک وەڵامێک بۆ ئەو سزایانەی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەسەر ئەو کۆمپانیا فڕۆکەوانییەدا سەپێنرا.

لە رۆژی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بە تۆمەتی هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی دارایی هێزەکانی بزوتنەوەی حەماس و فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، سزای بەسەر کۆمپانیای "فلای بەغدا"ی فڕۆکەوانیدا سەپاند.

لە بارەی سزاکەوە ئالینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کۆمپانیە فڕۆکەوانیە عێراقییەی لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنرا، ئێران بۆ گواستنەوەی چەک و جەنگاوەری گروپە چەکدارەکان بەکاری دەهێنا، ئەوەش پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری عێراقە.

لە بەرامبەردا کۆمپانیای فلای بەغداد لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "وتەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی گواستنەوەی چەک و هاوکاریکردنی سوپای ئێران رەتدەکەنەوە و ئەو دەنگۆیانە بەبێ بەڵگەی ماددی و مەعنەوی بڵاوکراوەتەوە."


PM:03:30:23/01/2024