بنکەی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و سوریا کراونەتە ئامانج

لە ماوەی ٢٤ کاتژمیری رابردوو بنکەی سەربازی ئەمریکا لە سوریا و عێراق بە درۆن لە لایەن گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئیران کراونەتە ئامانج..

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بڵاویکردووەتەوە" لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق و قەریە خەزرا لە سوریا".

هەروەها رایانگەیاندووە " لە هێرشەکاندا ژمارەیەک کارمەندی ئەمریکی بەسووکی برینداربوون و زیانی ماددیش بەر بنکەکان کەوتوون".

لە لایەکیترەوە گروپی مقاوەمەی ئیسلامیی لە راگەیەندراوێکدا بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ گرتووە و رایگەیاند" لە درێژەی رێبازەکەمان بۆ بەرەنگارلونەوەی هێزە داگیرکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکە و وەک کاردانەوەیەک لەو کۆمەڵکوژییەی قەوارەی زایۆنیی دژی گەلەکەمان لە غەزە دەیکات، ئەو هێرشانەمان ئەنجامداوە".
 
هەروەها وتویانە" کە ئەم هێرشانە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامدراون و جەختیش لە بەردەوامبونی هێرشەکان دەکەن".

لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و دوای هێرشەکانی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هێرشی پێچەوانەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، گرووپە میلیشیاکانی عێراق، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناساندووە نزیکەی ١٦٠ جار هێرشیانکردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا و داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا و ناوچەکە دەکەن.



AM:09:21:27/01/2024