یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازی عێراق‌و ئەمەریکا کۆتایی هات

بەسەرپەرشتی سودانی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازی نێوان عێراق و ئەمەریکا کۆتایی هات و، سودانی پێزانینی خۆی بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەربڕێت.

یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمیی لیژنەی باڵای سەربازی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بەڕێوەچوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد.
بەپێی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، "پسپۆڕانی سەربازیی هەردوولا بەرپرسن لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش".

راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، سێ تیم دروستدەکرێت کە ئەرکیان بریتی دەبێت؛ لە هەڵسەنگاندنی هەڕەشەی داعش، هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

هاتووشە" " خشتەیەکی کاتی دادەڕێژرێت بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان و هەنگاونان بۆ رێکخستنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی هاوبەشی هاوپەیمانییەکە. هەردوولا پابەند دەبن بە چوارچێوەی ستراتیژی کە لە ساڵی٢٠٠٨  لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆکراوە.

رۆژی شەممە باڵوێزی ئەمەریکا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆوسکی، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت، " عێراق و ئەمریکا تاوتوێی ئەوە دەکەن چۆن ئەرکی هاوپەیمانیی دژ بە داعش بە تێپەربوونی کات دەگۆڕێت بۆ هاوبەشیێکی ئەمنیی دوولایەنە."
 
ئەمریکا ٢٥٠٠ سەربازی لە عێراق و ٩٠٠ سەربازیشی لەسووریا هەیەو لە ١٧ ی ئۆکتۆبەرەوە ئەم هێزانە رووبەڕووی زیاتر لە ١٥٠ هێرشبۆتەوە.



PM:07:42:27/01/2024