مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ سەر هیچ لایەک

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنفراسی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی هەرێمدا رایگەیاند" هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ سەر هیچ لایەک و هەمیشە دەستی دۆستایەتمان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە درێژکردووە، بۆیە پێویستە سەروەری هەرێم و عێراق ڕێزی لێبگیرێت و پێشێل نەکرێت".

ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان( ماوە بەسەرچوو) لە کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی هەرێمدا کە لە هەولێر بەڕیوەدەچێت وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند" بە نیازن ژمارەی نوێنەرایەتییەکانمان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان زیاد بکەین".

سەرۆکی حکومەت وتیشی" حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و دارایی بووەتەوە و ناحەزان هەوڵیان داوە بە هەموو شێوەیەك کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان دروست بکەن و بە پشتیوانی خوای گەوە و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان، بەسەر هەموو کۆسپ و ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند" هەرێمی کوردستان وەك قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی لە عێراق هەمیشە فاکتەری ئاسایش و ئارامی بووە لە عێراق و ناوچەکەدا و خوازیاری باشترین پەیوەندیشە لەگەڵ ولاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا".

" ئیرادەی میللەتەکەمان لەهەموو پیلانێك بەهێزترە، بۆیە لەژێر هیچ گوشارێکدا دەستبەرداری مافەکانمان نابین، هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ سەر هیچ لایەک و هەمیشە دەستی دۆستایەتمان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە درێژکردووە، بۆیە پێویستە سەروەری هەرێم و عێراق ڕێزی لێبگیرێت و پێشێل نەکرێت". ( سەرۆکی حکومەت وتی) 

بەیانیی ئــەمــڕۆ یەکــشــەممە ٢٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ کاتــژمێر ١٠:٠٠، بـە ئامادەبوونی مەسرور بـارزانی، سەرۆکی حکـومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی حکومەت (ماوە بۆ درێژکراوە) لـە هـەولێر، سێیەمین کـۆنفرانسـی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.



PM:12:15:28/01/2024