مقاومەی ئیسلامی رەخنە لە نێچیرڤان بارزانی دەگرن

 ئەو راگەیاندنەی سەرۆکی هەرێم لەبارەی کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکیەوە لەسەر سنوری ئوردن بڵاویکردەوە، لەلایەن مقاومەی ئیسلامییەوە رووبەڕووی رەخنە بوەوە.

شەوی رابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ( ماوە بەسەرچوو) لە راگەیاندێکدا لەبارەی کوژرانی ٣ سەربازی ئەمەریکی و برینداربوونی ٣٤ سەربازی ترەوە، رایگەیاند "بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن دەکەم و سەرەخۆشی لە خێزانی سەربازە کوژراوەکان دەکەم."
 
هەروەها نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت" لەم کاتە سەختەدا لەگەڵ گەلی ئەمریکا دەوەستینەوە. هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەکەین."
مقاومەی ئیسلامی کە ئەنجامدەری ئەو هێرشانەن لە پۆستێکدا لەسەر ئەم سەرخۆشی و پاڵپشتییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەمەریکا نووسیوویانە" نێچیرڤان بارزانی لە دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەکرێگیراوانی ئەمریکی دەکات لە کاتێکدا کە هەزاران فەلەستینی بە چەکی ئەمریکی لە فەلەستین شەهید دەبن!!".
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ٢٨ـی کانوونی دووەم سوپای ئەمریکا کوژرانی سێ سەربازی و برینداربوونی ٣٤ سەربازی تری لەسەر سنوری ئوردون – سوریا بەهۆی درۆنی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە، راگەیاند.

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەموو جیهان چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی سەربازی ئەمەریکا دەکەن بۆ سەر ئەو گرووپە چەکدارانە و پاڵپشتیەکەرەکەیان کە ئێرانە.



AM:08:40:29/01/2024