نەزهەت حالی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دۆخێکی مەترسیداری پێکدادانی سەربازی هەنگاو دەنێت

بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستنی پارتی  هۆشداری دەدات لەوەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دۆخێکی مەترسیداری پێکدادانی سەربازی نێوان ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان هەنگاو دەنێت و دەڵێت" کێشەکانی ناوچەکە بە شەڕ چارەسەر نابن بەڵکو تاکە چارەسەر  چارەسەری سیاسی و لە یەکتر تێگەیشتنە". 

نەزهەت حالی، بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستنی پارتی رایگەیاند" لە دوای هێڕشی درۆنی بۆ سەر بنکەی سەربازی ئەمریکا لە ئوردن و کوژران و بریندار بوونی ژمارەیەک هێزی ئەو وڵاتە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دۆخێکی مەترسیداری پێکدادانی سەربازی نێوان ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان هەنگاو دەنێت".

نەزهەت حالی دەڵێت" ناوچەکە بە خۆی پڕاو پڕە لە کێشەی چارەسەر نەکراو و قوڵی مێژوویی و سیاسی. تاکو ئێستا ئەوەی لەو ناوچەیە سەلمێندراوە شەڕ هیچ کێشەیەکی لە ڕیشەوە چارەسەر نەکردووە، بەڵکو بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکی زیاتر و سەرهەڵدانی کێشەی نوێ".

ئەو بەرپرسەی پێشووتری دەزگای پاراستنی پارتی جەخت لەوەدەکاتەوە کە کێشەکانی ناوچەکە بە شەڕ چارەسەر نابن بەڵکو تاکە چارەسەر ، چارەسەری سیاسی و لە یەکتر تێگەیشتنە، لەبەر ئەوەی پێشتر لایەنە ناکۆکەکان بە جدی هەوڵیان نەداوە بۆ چارەسەری سیاسی. بۆیە کێشەکان قولتر و زیاتر بوون.

نەزهەت حالی راشیگەیاند" لە ئێستادا زۆر لە شارەزایان پێیان وایە ڕەنگە ئەستەم بێت ئەم جارە ئەمریکا بێ هەڵوێست بێت و لە ئان و ساتی وەشاندنی گورزی سەربازییە.بەڵام ئایا دوای ئەو هێڕشە سەربازییە داهاتووی ناوچەکە چۆن دەبێت.هەلبەت ئاست و پانتای هێرشەکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان و هەڵوێستی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە دەبێت".

"ئەوەی جێگای ئومێدە تاکو ئێستا لایەنە فەرمییەکانی ئەمریکی و ئێرانی دەڵێن نامانەوێت شەڕەکە فراوان ببێت. بەڵام زۆر جار شەڕە گەورەکانیش هەندێ جار لە شتی بچوکەوە دەست پێدەکەن". ( نەزهەت حالی وتی). 

ئاماژەی بەوەشداوە کە لە ڕاستیدا ئێران و ئەمریکا هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە شەڕ دان ، بەڵام بە ئامرازی جیاواز و لە ئێستادا لە قۆناغێکی زۆر مەترسیداری پێکدادانی ڕاستەوخۆی سەربازین . هەڵبەت لە نێوان ئەو دوو وڵاتەش کەنالی ناڕاستەوخۆ هەن بۆ ئەوەی شەڕەکە پەرە نەستێنێت.

لە کۆتاییدا ئەو بەرپرسەی پێشوتری دەزگای پاراستنی پارتی رایگەیاندووە" ئەوەی گرنگە هەموو لایەنەکان بیر لە خەڵکی سیڤیلی بێ گوناهی ناوچەکە بکەنەوە. بە تایبەت گەلی هەرێمی کوردستان و عێڕاق ساڵانێکی درێژە بوونەتە قوربانی شەڕ و ئاڵۆزی، بەو هیوایەی خودای مەزن گەلانی ناوچەکە لەو شەڕ و ئاڵۆزیانە بپارێزێت.بەو هیوایە لەو قۆناغەدا وەکو گەلی هەرێمی کوردستان یەکگرتوو بین".



AM:09:21:01/02/2024