وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی رێککەوتنێکی نهێنی پارتی لەگەڵ عەرەب و تورکمان لەسەر پارێزگاری کەرکوک ئاشکرا دەکات

وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی عەرەبی لە ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک رێککەوتنێکی خۆیان لەگەڵ پارتی و تورکمان لەسەر دابەشکردنی پۆستی پارێزگای کەرکوک و پۆستەکانی تر ئاشکرا دەکات.

عەزام ئەلحەمەدانی وتەبێژی لیستی هاپەیمانی عەرەبی لە بەشداریکردنی لە بەرنامەی ( الحق- يقال ) کەناڵی utv کە دوێنێ سازکرابوو، دەڵێت" تووشی شۆک بووین کە دوو رۆژ لەمەوبەر بینیمان وەفدی پارتی لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەتەوەو رێککەوتنیان کردووە".

لە درێژەی قسەکانیدا ئەلحمەدانی دەڵێت " هاوپەیمانی عەرەبی و تورکمان و پارتی رێککەوتین لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆکی ئەنجومەن بۆ تورکمان و جێگری یەکەمی پارێزگار بۆ پارتی "، دەشڵێت " ئەو کۆبوونەوەیەی پارتی و یەکێتی تووشی شۆکی کردین".

دەشڵێت" تورکیاش بەشدارە لە دانانی پۆستەکاندا و سیاسەتی پارتی نزیکە لە تورکیا و لەبەر رۆشنایی تێروانینی ئەوان پارتی و هاوپەیمانی عەرەب و تورکمان رێککەوتن".

ئەوە لە کاتێکدایە کە پارتی تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو رێککەوتنە نییە، کە رازی بووە پارێزگارێکی عەرەب و سەرۆکی ئەنجومەنێکی تورکمان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دابنرێت.

دیارە ئەو رێککەوتنەی پارتی لەگەڵ هاوپەیمانی عەرەبی و تورکمان ئەنجامی داوە، پێش سەردانی وەفدی پارتی بووە  بۆ سلێمانی و رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی کە رۆژی یەک شەممە لە سلێمانی ئەنجامدراو، دواتر رۆژی دوو شەممەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تەنها یەکێتی و پارتی و نوێنەری بابلییەکان کە ژمارەیان ٨ ئەندام بوو بەشداری یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پاریزگایان کردو، نوێنەرانی عەرەب و تورکمان بایکۆتیان کردو، کۆبوونەوەکەش شکستی هێنا لە دەستنیشناکردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن بەو پێیەی لە ١٦ ئەندام، تەنها ٨ ئەندامی ئەنجومەن ئامادە بوون.

لینکی ڤیدیۆکەی ئەلحەمەدانی ببینە..

PM:04:48:07/02/2024