ئیسرائیل مەرجەکانی حەماسی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست رەتکردەوە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل مەرجەکانی حەماسی بۆ ئاگربەست رەتکردەوە و داواش لە سوپای وڵاتەکەی دەکات ئامادەکاری بکەن بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر رەفەح لە باشووری کەرتی غەزە.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی حەماس بۆ تەواوکردنی گرێبەستی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ڕاگەیاند و سوێندی خوارد '' بەردەوام بێت لە شەڕکردن لە کەرتی غەزە و بەرەو ڕەفەح، باشووری کەرتی غەزە هەنگاو بنێت''.

ناتانیاهۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە قودس وتی'' تەسلیمبوون بە داواکارییەکانی حەماس دەبێتە هۆی کۆمەڵکوژییەکی دیکە و کارەساتێکی گەورە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل کە کەس ئامادە نییە قبوڵ بکات''.

راشیگەیاند'' ئێمە پابەندنەبووین بە هیچ شتێکەوە سەبارەت بە ئازادکردنی ئەو تیرۆریستانەی دەستیان بە خوێن پەڵە (ئەو زیندانییە فەلەستینیانەی کە تەلئەبیب تۆمەتباریان دەکات بە ئەنجامدانی هێرش یان پلاندانان) و بەردەوامی فشارە سەربازییەکان مەرجێکی پێویستە بۆ ئازادکردنی ڕفێنراوەکان''.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕکردن، سوپای ئیسرائیلیش لە ماوەی چەند مانگێکدا لە شەڕەکەدا سەردەکەوێت نەک ساڵانێک.

لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند"  ئێمە ڕێنماییمان بۆ سوپای ئیسرائیل دەرکرد کە لە ڕەفعە و ئۆردوگا ناوەندییەکانیش کە دوا قەڵای حەماسە، جوڵە بکەن''.


PM:11:10:07/02/2024