پارتی بایكۆتی هۆڵی كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای کرد

دواینیوەڕۆی ئه‌مڕۆ پێنج شەممە كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەستیپێکرد، بەڵام فراکسیۆنی پارتی و بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی نەینەوا موەحەدەی سەر بە نەجم جبوری كۆبونه‌وه‌كه‌یان به‌جێهێشت.

میدیاکانی پارتی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاویانکردەوە" کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی جێگرانی پارێزگار دەستیپێکرد، بەڵام  فراکسیۆنی پارتی و بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی نەینەوا موەحەدەی سەر بە نەجم جبووری، هۆڵی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت". 

فراكسیۆنی پارتی له‌ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ده‌ڵێت" سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنەکەی پێشێلکردووە، لەبەر ئەوەی دەنگدانی بە جێگری دووەمی پارێزگار خستوەتە پێش بڕگەی هەڵبژاردنی جێگری یەکەم کە بەپێی رێککەوتنی سیاسی لایەنەکان، پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا دەدرێتە پارتی و کاندیدەکەی سیروان رۆژبەیانییە". 

بەپێی ئامارێکی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، كۆی گشتی ده‌نگه‌كان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا  ٩٠٦هه‌زار و ٢٩٤ ده‌نگ بووە و به‌سه‌ر (٢٩) كورسیدا دابه‌شده‌كرێت و (١٩) كورسی بۆ پیاوان و حه‌وت كورسی بۆ ئافره‌تان و سێ كورسیش بۆ كۆتای پێكهاته‌كان ده‌بێت. 


PM:04:30:08/02/2024