کۆبوونەوە سەربازییەکان ئەمەریکاو عێراق دەستپێدەکەنەوە


سەرچاوەیەکی سەربازی عێراقی ئاشکرای دەکات کە یەک شەممە کۆبوونەوە باڵا سەربازییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکا لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەستپێدەکەنەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هێرشەکەی دوێنێ و کوشتنی فەرماندەیەی حزبوڵا بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق ناوزەد ناکات.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریشدا کە ئەمشەو ٨ ی شوبات سازکرا، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڤێدانت پاتێل، لەبارەی هێرشەکەی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر فەرماندەیەکی حزبوڵڵا رایگەیاند" ئەو فەرماندەیەی کوژرا بەرپرسیاربوو لە پلاندانان و بەشداریکردن لە هێرشی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە".

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی "پێویستە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە بەرەی موقاوەمە لە دژی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمان بووەستن، هەروەها دوودڵ نابین لە پاراستنی هێزەکانمان".

" ئەگەر هەڕەشە و هێرشەکان بەردەوامبن وەڵامیان دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر هێرش بۆ سەر هێزەکانیان بووەستێت هیچ هۆکارێک نابێت هێرش بکەن". ڤێدانت پاتێل دووپاتی کردەوە.

شەوی چوارشەممە  ٧ ی شوبات لە بەغدا ئۆتۆمبێلێک لە هێرشێکی درۆنیدا کرایە ئامانج لە ناوچەی مەشتەلی رۆژهەڵاتی بەغدا و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران کە دوو سەرکردەی کەتائیبی حزبووڵڵا بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی لەنێو کوژراوەکاندان.




PM:10:52:08/02/2024