رێنوماییە "خراپەکە"ی وەزارەتی رۆشنبیری بە تەواوی هەڵوەشێنرایەوە
لە وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە

رێنومایی ساڵی پاری وەزارەتی رۆشنبیری کە مشتومڕێکی زۆری لە نێو میدیاکاران و رۆشنبیراندا لێکەوتەوەو بە زەوتکردن و پاشەکشە لە ئازادی ناوزەدیان دەکرد، لە کۆتایی ساڵی پاردا حکومەتی هەرێم هەڵیوەشاندەوە، لە ١٨ کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوەو چیتر بە هیج جۆرێک کار بەو رێنوماییانە ناکرێت.

لە ژمارە ٣١٤ ی وەقائعی کوردستان کە ٢٨ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە، چیتر بە فەرمی کار بەو رێنوماییانەی وەزارەتی رۆشنبیری ناکرێت و، بە بەیانی ژمارە یەکی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ رێنوماییەکە هەڵوەشێنراوەتەوە.

ماڵپەڕی " سپی " یەکەم ماڵپەڕ بوو کە ٢٠٢٣/١٢/١١ بوو کە بڕیاری هەڵوەشانەوەی ئەو رێنوماییانەی لەلایەن سەرۆکی حكومەتەوە بڵاوکردەوە، رۆژی ٢٨ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤یش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکە لە وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.

ئەو رێنوماییانەی رووبەڕووی رخنەی زۆری میدیاکاران و رۆشنبیران بوەوە، وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم رۆژی ٢٢ ی ئایار بەناوی رێنومایی ژمارە ١ ی ساڵی ٢٠٢٣ ی دەرکردو لە وەقائیعی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەم رێنوماییانە لەلایەن میدیاکارانەوە بە دژی یاسایی ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ ی یاسای رۆژنامەگەری لە کوردستان ناوزەد کرا.

ئەو رێنوماییە کە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستانەوە دەرچووەو ١٧ مادەبوو و لە کۆتاییدا ناوی وەزیری رۆشنبیری لەسەر بوو، چەندان مادەی گرتبووە خۆی کە دژی یاسای ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ بوو.

لە یەکێک لە بڕگەکانی ئەم رێنوماییەدا لەکاتی سەرپێچیدا رێگا دەدات میدیایەک دابخرێت، لە کاتێکدا لە کاتی سەرپێچی لە یاسای ٣٥ ی ساڵی ٢٠٠٧دا سەرپێچی میدیا و میدیاکار لە رێگای سزای داراییەوەیە، نەک داخستن.



  

PM:01:21:11/02/2024