وادەی ناردنى (٦١٨) ملیار دینارەکەی بەغداد بۆ هەرێم ڕاگەیەندرا

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" تا کۆتایی ئەم مانگە (٦١٨) ملیار دینارەکەی بەغداد ڕەوانەی هەرێم دەکرێت". 

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٤ لە لێدوانێكدا بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە" چاوەڕاواندەكرێت تا کۆتایی ئەم مانگە كارەكانی هەمواری بودجە كۆتایی پێبێت و پاشان بێتە پەرلەمان هەموار بكرێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، تا كۆتایی ئەم مانگەش ئەو بڕە پارەیەی بۆ موچەی موچەخۆران دیاریكراوە ڕەوانەی هەرێم دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، تا پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی هەموار دەکرێتەوە، مانگانە حکومەتی فیدراڵ لە ناردنی (٦١٨) ملیار دینارەکە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت. 

هەرچەندە ڕۆژی ١ی ئەم مانگە حکومەتی عێراق بڕی (٦١٨) ملیار دیناری بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵی فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێم کرد، بەڵام تائێستا بەشێک لە خانەنشینانی پێشمەرگە مووچەیان وەرنەگرتووە، هەروەها تائێستاش چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێم نادیارە. 


PM:01:26:13/02/2024