ئەنجوومەنی وەزیران خشتەی نوێی ڕسوماتی پەسەند كرد

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم خشتەی نوێی ئەو رسوماتانەی پەیوەندیداربوون بە دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیاكان پەسەند كرد و بڕیاریشدا، باج بەشێوەیەك ڕێكبخرێتەوە ببێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و لە خزمەتی هاووڵاتییان بێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەت و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حکومەت ( ماوە بۆ درێژکراوە) كۆبووەوە و تیایدا تیشك خرایە سەر بەشداری و كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە لوتكەی جیهانیی حكومەتەكان لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات لە ڕۆژانی ١٢ تا ١٤ی ئەم مانگە .

ئاماژە بەوەشكراوە، ماوەی چەند ساڵێكە، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستێكی باڵا بەشداری لەم لوتكەیە دەكات و پێشوازییەكی گەرمی لێ دەكرێت. ئەمساڵیش شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین كۆبوونەوە و دیداری گرنگی لە لوتكەكەدا ئەنجامدا و هەروەها سەرۆك وەزیران لە لوتكەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە گرنگیی چارەسەركردنی پرسی گەلی كوردستان كرد وەك بەشێك لە پرۆسەی چارەسەركردنی كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوە، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە بڕیارێك كرا بە ئامانجی ڕێكخستنەوەی ڕسومات و كرێ و تێچووی تایبەت بە تۆماری كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی پێشكەشكردنی كارئاسانی زیاتر بۆ كارسازیی و بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەبارتر و ئاسانتر بۆ دامەزراندنی كۆمپانیاكان لە هەرێم بە تێچوویەكی كەمتر و كاتێكی كورتر و دوور لە ڕووتین و ئەڵقەی ئیداریی زیاتر لە ڕێگەی بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزاریی وڕاییكردنی مامەڵەكان و ئاسانكردنی ئەركی سەرشانی ئەو گەنجانەی، كە خوازیاری كاری بازرگانی و داهێنەرانەن، بە تایبەتی لە ڕووی كارئاسانیی لە بواری پێدانی باج بۆ كۆمپانیا نوێیەكان و بابەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و پاراستنی موڵكداریی فیكریی وهزریی داهێنەران.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران خشتەی نوێی ئەو ڕسوماتانەی پەیوەندیداربوون بە دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیاكان پەسەند كرد و لە دوای بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان، دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دواتر لە بڕگەی دووەمی كارنامەی كۆبوونەوە، كە تەرخانكرابوو بۆ پێداچوونەوە بە كەرتی باج لە هەرێمی كوردستان و دەستنیشان كردنی كێشە و دەرفەتەكان و چارەسەرەكان، سەرەتا كەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، كە بۆ ئەو بڕگەیە میوانداری كۆبونەوەكە كرابوو، ڕاپۆرتێكی بەرفراوانی لە بارەی كەرتی باجەكان لە هەرێم بۆ ئەنجوومەن خستەڕوو.

لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەی بە واقیعی ئێستای باج كرد و ئاماژەیدا بە هەموو ئەو چاكسازیانەی لەم كابینەیە ئەنجامدراون بە ئامانجی ڕێكخستنەوەی كەرتی باج بە ڕەچاوكردنی بنەماكانی دادپەروەریی لە پێدانی باج بە بێ ئەوەی هیچ باجێك زیاد بكرێت یان ڕێژەكەی بەرزبكرێتەوە، بەڵكو بڕ و ڕێژەی باج هەروەك خۆیەتی و گۆڕانكارییان تێدا نەكراوە، ئەوەی كراوە ڕێكخستنەوەی ڕێكار و پرۆسەكانی وەرگرتنی باجە و گرتنەبەری میكانیزمی نوێ و گونجاوە، بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە پێدانی باج و نەهێشتنی لێخۆشبوونی ناڕەوا و نا یاسایی لە پێدانی باج و هەروەها بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بەو پێیەی باج یەكێكە لە داهاتە گرنگەكانی هەرێم كە رێكخستنەوە و برەوپێدانی، كاریگەری گەورەی لەسەر گەشەی دارایی و بەرزكردنەوەی قەبارەی خزمەتگوزارییەكان و بەكارهێنانەوەی داهاتەكەی لە خەرجیە گشتیەكان و پڕكردنەوەی كورتهێنان دەبێت، ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە، كە وەزارەتی دارایی و ئابووری پێویستە لە چوارچێوەی كارنامەی چاكسازیی كابینەی نۆیەم، بەردەوام بێت لە چاكسازیكردن لە سیستەمی باج و ڕێگرتن لە خۆدزینەوەی باجدەران لە پڕۆژە و كۆمپانیاكان لە پێدانی باج، دەبێ بەشێوەیەكیش ڕێكبخرێتەوە ببێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و لە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستاندا بێت و ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی و ئابووری هاووڵاتیان بكات و بارگرانیی لە سەر كاسبكاران و كارسازان دروست نەكات.




PM:07:36:21/02/2024