لە بە‌غداد کەسایەتییەکی دیار لە هەوڵێکی "تیرۆرکردن" رزگاری دەبێت

فەخری کەریم بەرپرسی دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و هونەر ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە لە هەوڵێکی "تیرۆرکردن" ڕزگاری بوو، لە ناوچەی قادیسەی سەر بە بەغدای پایتەخت. 

دامەزراوەی مەدا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" کاتژمێر (٩:٠٠)ی ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە فەخری کەریم سەرۆکی دامەزراوەی مەدا بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و هونەر، هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی عێراقی بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەوڵیکی تیرۆرکردن لە ناوچەی قادسیە لە شاری بەغداد، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە رزگاریبوو". 

ڕاشیگەیاندووە" چەند چەکدارێکی نەناسراو کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری بیکابیان پێبووە رێگەیان لێگرتووە و دواتر دەسترێژی گولـلەیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکەی و هەڵهاتوون". 

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە" سەرکۆنەی ئەو هەوڵی تیرۆرکردنە دەکەین و داوا دەکەین لێکۆڵینەوەی خێرا لەسەر رووداوەکە بکرێت بۆ ئەوەی تاوانباران رادەستی دادگا بکرێن". 

فەخری کەریم زەنگەنە لە دایکبووی ساڵی (١٩٤٢)ە، ڕاوێژکاری سەرۆکی پێشووی کۆماری عێراقە لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤)، خاوەنی دامەزراوەی مەدایە بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و هونەرە لە ساڵی (١٩٩٣).


AM:12:15:23/02/2024