پارتی ڕژدە لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک"


سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پارتی ڕژدە لەسەر دانانی پارێزگارێکی کوردی خاوەن ئەزموون و لێھاتوو بۆ کەرکووک تا خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات، ئەوە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا لەسەر دابەشکردنی پۆستە ئەمنییەکان ناکۆکی لە نێوان لیستەکاندا هەیە.

حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە" لەمەودوا دانیشتەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گەرمتر دەبن، تا تێگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروست بێت بۆ ئەوەی بتوانین لە داھاتوودا ئەو بەستەڵەکەی ئێستا لەنێوان لایەنە براوەکان ھەیە بشکێ و بگەینە ئەنجامێک بۆ دیاری کردنی پارێزگارێک کە ڕەزامەندی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی لەسەر بێت".

لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیش سەرۆکی لیستی پارتی دەڵێت " پێشبینی دەکەین کۆبوونەوە ھەبێت لە نێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسی پارێزگاری کەرکووک، بەڵام کات و شوێنی کۆبوونەوەکە بەتەواوەتی نازانم".

هەفتەی رابردوو بە ئامادەبوونی سودانی و قەوارە براوەکانی کەرکوک کۆبوونەوەیەکیان سازکرد و لایەنەکان نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتنێک کە سەرەتا پارێزگار کورد و یەکێتی دەبێت و، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگار لە عەرەب و جێگری پارێزگار لە پارتی و قائیمقام لە تورکمان دەبێت، بەڵام کێشە لەسەر دابەشکردنی پۆستە ئەمنییەکان هەیە.



PM:08:23:24/02/2024