زیندانیکراوێکی سیاسی کورد بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا

زیندانیکراوێکی سیاسی کورد و خەڵکی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گیانی لەدەستدا، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەکە ڕایانگەیاندووە کە" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە". 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاهین گەلەداری زیندانیکراوی تەمەن (٤٥) ساڵ و خەڵکی گوندی حەکی سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ کە ماوەی دوو ساڵە سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە تێپەڕ دەکرد، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە بەشێوەیەکی گوماناوی لەو بەندیخانەیە گیانی لەدەستدا.

هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی بەندیخانەی ورمێ بە بەندکراوان و بنەماڵەی گەلەدارییان ڕاگەیاندووە کە" ئەو بەندکراوە سیاسییە خۆی کوشتووە و تەرمی ناوبراو بۆ پزیشکی دادی ورمێ گواستراوەتەوە".

ڕاشیگەیاندووە" شاهین گەلەداری لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بانگکراوە و هەڕەشەی لێکراوە و ئەشکەنجەی جەستەی و دەروونی دراوە و تەنانەت سمێلیان تاشیوە". 

شاهین گەلەداری ساڵی (٢٠١٩) لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکانی ورمێ و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستگیرکرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

ناوبراو لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نیشتمانی سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم (٣٥) بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئیسلامی کۆماری ئێراندا گیانیان لەدەستداوە کە (٦٠%) ئەو کەسانە بەندکراوانی کورد بوون و (١٢) بەندکراویان لە بەندیخانەکانی پارێزگای ورمێ گیانیان لەدەستداوە.


PM:07:21:26/02/2024