کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکەش بریندارکرا. 

رێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ئەمشەو کۆڵبەرێک بە ناوی (سەید جەعفەر فەرەجی) خەڵکی گوندی دەورە قەڵای شاری سەقز لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرا.

کۆڵبەرەکە تەمەنی (٤٢) ساڵە و خێزاندار و باوکی دوو منداڵە بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە" تەرمی ئەو کۆڵبەرە لە ئێستادا بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی شاری بانە گواستراوەتەوە". 

هاوکات کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی سەقز بە ناوی سالار کە لەگەڵ سەید جەعفەر بووە برینداربووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە. 

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا (٢٢) کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە کوژراون و (١١٦) کۆڵبەری دیکەش بریندارکراون. 


AM:12:02:27/02/2024