وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە ڕوونکردنەوە دەدات

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێدوانەکانی دوێنێی تەیف وەزیری دارایی عێراقیش بە نووسراوی فەرمی نەگەیشتوونەتە دەست ئێمە". 

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان ٢٤ ڕایگەیاند" ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ساڵێکە دەستمان بە پڕۆژەی (هەژماری من) کردووە، ئەو هەژمارە بانکییە بۆ زیاتر لە (٢٠٠) هەزار فەرمانبەر دروستکراوە، بەتایبەت لە هەولێر هەژماری بانکی بۆ زۆرینەی مووچەخۆران دروستکراوە، ئێستا پڕۆژەکە خەریکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک دەستپێدەکات".

وتیشی" پڕۆسەی هەژماری من کێشە بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دروست ناکات، چونکە ئەو بانکانەی هەرێمی کوردستان کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین هەموویان مۆڵەتیان لە بانکی ناوەندی عێراق وەرگرتووە و هەموویان بە رەزامەندی ئەو بانکە بەشدارییان لە پڕۆژەی هەژماری من کردووە".  

هونەر جەمال دەشڵێت" حکومەتی عێراق لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە خەریکی دروستکردنی هەژماری بانکییە، هەشت ساڵە (٢٠) بانکی عێراق خەریکی ئەو پڕۆسەیەن کەچی تەواو نەبووە، چۆن دەتوانرێت لە ماوەی مانگێکدا هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبکرێت؟". 

وتەبێژی دارایی هەرێم دەڵێت" نیازی بەغدا بۆ داواکردنی دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تەنها کێشە دروستکردنە، ئێمە ئەزموونی چەند مانگی رابردوومان هەیە، هەمیشە ئێمە لە کێشەدا بووین، هەمیشە گەیشتووەتە کاتی ناردنی پارە، وەزارەتی دارایی عێراق چەندین بیانوو و کێشەی بۆ ناردنی پارەکە دروستکردووە، درێخییان نەکردووە لە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و لێدوانەکانی دوێنێی وەزیری دارایی عێراقیش، بە نووسراوی فەرمی نەگەیشتوونەتە وەزارەتی دارایی، بۆیە ناتوانن بڵێن چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکان دەکەن. 

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی دوایین ئەو لیستەی مانگی (١٠) رابردوو پێشکەشی پەرلەمانی عێراقیان کردووە، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ١١٤ هەزار و ١٩٤ مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی (٩١٣) ملیار دینار.  

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دوو شەممە وەزیری دارایی عێراق، تەیف سامی لەگەڵ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەو وەزیرە چەند قسەیەکی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە کردووەو 

لە میانی دانیشتنی دوێنێی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تەیف سامی وەزیری دارایی عێڕاق ئاماژەی بەوەکرد کە تا هەرێمی کوردستان لیستی مووچە نەنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق پارە بۆ مووچە خەرجناکرێت.

تەیف سامی جەختیشیکردەوە کە مووچەی مانگی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێم، پێویستە بە ئەلیکترۆنی بکرێت. 


PM:12:18:27/02/2024