رێواز فایەق: پارتی بە ئاشکرا دەیوت؛ بە پێکهاتەکانەوە زۆرینەمان هەیە


سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نایشارێتەوە کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی " پێخۆشە "و دەڵێت" پێکهاتەکان لەبەریەککەوتنی هێزە سیاسییەکان نەیانتوانی بێلایەنیی خۆیان بپارێزن، هەمیشە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاشکرا دەیوت: بەپێکهاتەکانەوە زۆرینەی پەرلەمانمان هەیە".

ڕێواز فایەق سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی KNN، دەڵێت " "پێکهاتەکان بون بەبەشێک لەململانێ سیاسییەکانی هەرێم، لەبەریەککەوتنی هێزە سیاسییەکان نەیانتوانی بێلایەنیی خۆیان بپارێزن".

ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەهەموو پێکهاتەکان لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ٢٣ هەزار دەنگیان هێناوە، سەیرم لێدێت کە دەڵێن ٤٠٠ هەزار تورکمان لەهەرێمی کوردستان هەیە".

رێواز فایەق دەشڵێت "نەخشەی سیاسی ناو هۆڵی پەرلەمان هەمیشە هۆکاربوو بۆ پاراستنی حکومەت لەوکاتانەی داوادەکرا لێپرسینەوە لەحکومەت بکرێت".

دەربارەی ‌ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت "ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسەر ئەوە ماوەتەوە کە کەرەستەکانی هەڵبژاردن ئامادەن یاخود نا، لەسەر خواستی هیچ لایەنێکی سیاسی نەوەستاوە، ئێستا دۆخەکە گونجاوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، پێشبینیده‌كه‌م لەمانگی حوزەیران هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".

ئەو نایشارێتەوەو رەخنە دەگرێت کە زۆرینەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم کەم زانیاریبوون ودەشڵیت " زۆرێکیان هەر سەرقاڵی ئامادەکردنی ڤیدیۆ بوون بۆ ئەوەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکەنەوە".



PM:03:52:27/02/2024