بافڵ تاڵەبانی: پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە

سەرۆکی یەکێتی ئاماژە بەوەدەکات کە پێویستە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا بمێننەوە، و دەڵێت" هەژمونی ئێران و توركیاو وڵاتانمان لە عیراق ناوێت و پشتیوانی لە هیچ گروپێكی چەكداری كوردی و نەتەوەیی تر ناكەین بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ".

ئەمڕۆ دووشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری ڕافیدەین لە بەغدا ڕایگەیاند" هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق داگیرکەر نین و پێویستە لە عێراق بمێننەوە".

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمریکا هۆکاری خۆی هەیە بۆ ئەو هێرشانەی ناوبەناو دەیکاتە سەر گروپە شیعەکان لە عێراق.

بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاند" هەژمونی ئێران و توركیا و وڵاتانمان لە عیراق ناوێت و پشتیوانی لە هیچ گروپێكی چەكداری كوردی و نەتەوەیی تر ناكەین بۆ هێرشكردنەسەر وڵاتانی دراوسێ، پێویستە توركیاش وەك دوژمن مامەڵە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەكات".

وتیشی" یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرامبەر هیچ لایەنێك سازش لەسەر هەڵوێستەكانی ناكات و ناكرێت وەك دوژمن سەیری ئەمریكا بكەین".

ئەم هەڵوێستەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق هێزە شیعەکان داوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی و هێزەکانی ئەمریکا دەکەن.

حکومەتی عێراق بۆ ئەو مەبەستەش وتوێژی لەگەڵ لایەنی ئەمریکا دەستپێکردووە و تا ئێستاش چەند کۆبوونەوەیەکیان لەو بارەیەوە کردووە.


PM:01:49:04/03/2024