پارتی بۆ شاڵاو کۆسرەت: هیچ هێزێک ناتوانێت هەولێر بگەڕێنێتەوە سەردەمی مافیاگەرای

دوای ئەوەی دوێنێ شاڵاو كۆسرەت رەسول عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە نوسینێكدا ڕایگەیاند" یەكێتی هەولێر وەردەگرێتەوە"، لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا هاتە دەنگ و دەڵێت" هیچ هێزێک ناتوانێت هەولێر بگەڕێنیتەوە سەردەمی وێرانەیی و مافیاگەرایی". 

لە بەیاننامەکەی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە" دەنگی نەشازی هەندێک کەس و لایەنمان دێتە بەرگوێ، گوایە خەون بە گەڕاندنەوەی هەولێر بۆ سەردەمی حووکمی میلیشیایی و مافیاگەرایی و دزی و جەردەیی و سەرانەوەرگرتن دەبینن، بە عەقڵی بچووکی خۆیان پێیان وایە ئەو هەولێرەی لە سایەی پارتی و جەنابی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێم بووەتە ناوەندێکی بەهێزی سیاسی، ئابووری، سەربازی و فەرهەنگی پێکەوەژیان، دەتوانن بیگەڕێننەوە سەردەمی تاریکی و چەتەگەرایی". 

ئەوەش هاتووە" دوای شاربەدەرکردنی ئەو سەرلێشێواوانە و ئازادکردنی هەولێر لە چنگی ئەو مافیا و چەتانە و گەڕانەوەی هێزی یاسا و شەرعیەت بۆ شارەکەمان و لەژێر چەتری دەوڵەتداری و دامەزراوەی شەرعی و یاسایی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئیرادەی خەڵکە خۆڕاگرەکەی بووە پایتەختە درەوشاوەکەی هەمووان لە ناوچەکەدا و دروست لەو شوێنانەی ئەوان کردبوویانە گۆڕستانی خەڵک و لەو شوێنانەی بە زەبری چەک، سەرانەیان لە هەولێرییە سەربەرزەکان وەردەگرت، لەو جێگایانەی کە دەستدرێژیان دەکردە سەر ماڵ و ژیانی خەڵک، ئاوەدانی و گەشەسەندن و ئارامی و سەقامگیری بنیاتنراو ئەوانیش چوونە زبڵدانە ڕەشەکەی مێژووەوە، سەیرە تاکو ئێستاش خەونی نەزۆکی وێرانکردنەوەی هەولێر و گەڕاندنەوەی بۆ سەردەمی حووکمی رەشی خۆیان دەبینن". 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا لقی دووی پارتی پرسیارێك ئاراستەی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ دەکات و نووسیوویەتی" هەولێریەکان دەپرسن، دەتانەوێ هەولێر بگەڕێننەوە کامە سەردەم؟ دەتانەوێ هەولێر بگەڕێننەوە كامە سەردەم؟ سەردەمی مافیاگەراییتان یان ئەو سەردەمەی خەڵکتان بەعەلاگەی رەشەوە تیرۆر دەکرد، سەردەمی ڕفاندن و دزینی ئۆتۆمبێل و سەر و ماڵی خەڵک یان ئەو سەردەمەی خەڵکی ئازا و چاونەترسی ئەوشارەتان شەهید دەکرد و گۆڕبزرتان دەکردن، دەتانەوێ هەولێر بگەڕێننەوە سەردەمی سەرانە وەرگرتن لە خەڵک و حوکمی قەرەقوشتان؟ یان مەبەستتانە وەک پارچەکانیتری نیشتیمانەکەمان بیکەنە کاڵا و بە دوژمنانی بفرۆشن؟". 

دەشڵێت" خەیاڵتان خاوە و دەبێ هەر بەو ئاواتەوە سەربنێنەوە و خەونە نەزۆکەکانیشتان وەک خەونی ئەوانەی پێش خۆتان دەبەنە گۆڕەوە، ئەوەی ئاغا و گەورەکانتان پێیان نەکراو پێیان وەرنەگیرا، بێگومان بن ئێوەی بچووک و ناکامڵیش پێتان ناکرێ و پێتان وەرناگیرێت، هەولێریش بە بەرچاوی شۆڕتانەوە ڕۆژ بە رۆژ لە سایەی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی و پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر بەرەو بەرزی و بەرەو گەشەسەندن و سەرکەوتن هەنگاودەنێت و ئێوەش بەو بچووکی و نابووتییەی پێیەوە ناسراون لە مێژوودا ناوتان تۆمار دەکرێ". 

بەیاننامەکەی لقی دوی پارتی لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لە یادی رزگارکردای هەولێردا ڕایگەیاند" ٣٣ ساڵ پێش ئێستا خۆت (کۆسرەت رەسوڵ) سەرکردایەتیت کرد و ئازادت کرد، ئەمڕۆ هەزاران خوێندکارت هەیە، رۆژێک دادێ وەری دەگرینەوە، لێت فێربووم، هەتا لە ژیاندا بم، بە وەفابم بۆ خاك و نیشتمان، بۆ برادەر، لۆ هەولێر و مێژووەكەت". 


AM:08:27:12/03/2024