یەکێتی لە هەولێر بۆ پارتی: ئێوە هەولێرتان بە حەرەس جمهوری بەعس داگیرکرد

مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ هاتە دەنگ و بە پارتی دەڵێن" ئێوە هەولێرتان بە حەرەس جمهوری بەعس داگیرکرد".

ئەمڕۆ مەڵبەندی هەولێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وەڵامی لقی دووی پارتیدا رایگەیاند "  وەبیرتان دێنینەوە، ئێوە هەولێرتان بەتانك و تۆپی حەرەس جمهوری بەعس داگیرکرد و دوای ساڵێکیش ، بەچوونە پال جەندرمەی تورك درێژەتان بەم داگیرکردنەدا ."

مەڵبەندی هەولێری یەکێتی بە پارتی دەڵێن" ئێوە بە چییەوە دەنازن ، هەموو خەڵکی کوردستان دەزانێ کە هەولێر و دهۆکتان کردووە بەزیندانی ئازادیخوازان و سەرخان و ژێرخانی کوردستانیشتان تاڵانکردووە و لەڕێگەی باج و سەرانەش دزی لەگیرفانی هاوڵاتیانیش دەکەن" .

هەروەها یەکێتی دەپرسێت "چۆن ڕووتان دێ تۆمەتی دزی و جەردەیی ئاراستەی بەرامبەرەکەتان بکەن ؟ ئێوە جگە لە سامانی هەرێم ، موچەی مامۆستا و پارووی دەمی منداڵانیشتان دزیووە" .

لە کۆتاییدا مەڵبەندەکەی یەکێتی دەڵێن " بەڵێ وەری دەگرینەوە،بەڵام بەڵام بەتانك و تۆپی داگیرکەران نا، بەڵکو بەدەنگی خەڵکی ڕەسەنی هەولێر و بەقانون و بەدادگە لێتان وەردەگرینەوە .خۆ تێگەیشتن ؟ ئەگەر هەر تێنەگەیشتن ، ئەوا لە ١٠/٦/٢٠٢٤ زۆر باش تێتان دەگەیەنین".

 دوێنێ لقی دووی پارتی لە هەولێر لەبارەی قسەیەکی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیەوە راگەیاندێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو" هیچ هێزێک ناتوانێ هەولێر بگەڕێنیتەوە سەردەمی وێرانەیی و مافیاگەرایی: باس لەوەش کرابوو"
دەنگی نەشازی هەندێک کەس و لایەنمان دێتە بەرگوێ گوایە خەون بە گەڕاندنەوەی هەولێر بۆسەردەمی حوکمی میلیشیایی و مافیاگەرایی و دزی و جەردەیی و سەرانەوەرگرتن دەبینن و بەعەقڵی بچوکی خۆیان پێیان وایە ئەو هەولێرەی لەسایەی پارتی و جەنابی سەرۆک بارزانی و حکومەتی هەرێم بۆتە ناوەندێکی بەهێزی سیاسی و ئابوری و سەربازی و فەرهەنگی پیکەوەژیان، دەتوانن بیگەڕیننەوە سەردەمی تاریکی و چەتەگەرایی ".

لقی دوو ئاماژەی بەوەش کردبوو " دوای شاربەدرکردنی ئەو سەرلێشێواوانە و ئازادکردنی هەولێر لەچنگی ئەو مافیاو چەتانە و گەڕانەوەی هێزی یاساو شەرعیەت بۆشارەکەمان و لەژێر چەتری دەوڵەتداری و دامەزراوەی شەرعی و یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا و بەئیرادەی خەڵکە خۆڕاگرەکەی بوە پایتەختە درەوشاوەکەی هەموان لەناوچەکەداو دروست لەو شوێنانەی ئەوان کردبویانە گۆڕستانی خەڵکو لەوشوێنانەی بەزەبری چەک سەرانەیان لەهەولێریە سەربەرزەکان وەردەگرت و لەوجێگایانەی کەدەستدرێژیان دەکردە سەر ماڵ و ژیانی خەڵک، ئاوەدانی و گەشەسەندن و ئارامی و سەقامگیری بنیاتنراو ئەوانیش چونە زبڵدانە ڕەشەکەی مێژوەوە، سەیرە تاکوئێستاش خەونی نەزۆکی وێرانکردنەوەی هەولێرو گەڕاندنەوەی بۆسەردەمی حوکمی رەشی خۆیان دەبینن".

لە کۆتاییدا باسیان لەوە کردووە، "هەولێریەکان دەپرسن، دەتانهەوێ هەولێر بگەڕێننەوە کامە سەردەم..؟..سەردەمی مافیاگەراییتان یان ئەوسەردەمەی خەڵکتان بەعەلاگەی رەشەوە تیرۆردەکرد، سەردەمی ڕفاندن و دزینی ئۆتۆمبێل و سەروماڵی خەڵک یان ئەوسەردەمەی خەڵکی ئازاو چاونەترسی ئەوشارەتان شەهید دەکردو گۆڕبزرتان دەکردن، دەتانهەوێ هەولێر بگەڕێننەوە سەردەمی سەرانە وەرگرتن لەخەڵک و حوکمی قەرەقوشتان یان مەبەستتانە وەک پارچەکانیتری نیشتیمانەکەمان بیکەنە کاڵاو بەدوژمنانی بفرۆشن..؟..!

خەیاڵتان خاوەو دەبێ هەربەو ئاواتەوە سەربنێنەوەو خەونە نەزۆکەکانیشتان وەک خەونی ئەوانەی پێشخۆتان دەبەنە قەبرەوەو ئەوەی ئاغاو گەورەکانتان پێیان نەکراو پێیان وەرنەگیرا، بێگومان بن ئێوەی بچوک و ناکامڵیش پێتان ناکرێ و پیتان وەرناگیرێت، هەولێریش بەبەرچاوی شۆڕتانەوە ڕۆژ بەرۆژ لەسایەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەربەرەو بەرزی و بەرەو گەشەسەندن و سەرکەوتن هەنگاودەنێت و ئێوەش بەوبچوکی ونابوتیەی پێیەوە ناسراون لەمێژودا ناوتان تۆماردەکرێ".

کێشەکە لە سەرەتاوە لەسەر پۆستێکی شاڵاو کۆسرەت درووستبوو کە لە یادی راپەرینی ساڵی ١٩٩١ی شاری هەولێر وتبووی"
٣٣ ساڵ پێش ئێستا خۆت سەرکردایەتیت کرد و ئازادت کرد، ئەمڕۆ هەزاران خوێندکارت هەیە رۆژێک دادێ وەری دەگرینەوە".

شەڕی پێشوەختەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی هەر لە ئێستاوە لە هەولێرەوە دەستیپێکردووە.  


 



PM:04:39:12/03/2024