سۆران عومەر: چۆن ٣٦ ملیار دینار خەرجی مووچە زیادیکردووە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" چۆن ٣٦ ملیار دینار خەرجی موچە زیادیکردووە کە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە نەکراوە؟". 

سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەو لیستانەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووە سەرجەمی موچەکەیان تەمویل کراوە، تەنها ئەو لیستانەتان ناردوە، پاشان موچە بەڕادەست کردنی داهاتی ناوخۆوە دەدرێت، ئێوە لە مانگەکانی (١٠-١١-١٢) ی ساڵی ٢٠٢٣ موچەتان نەداوە کوا داهاتی ناوخۆ کە مانگانە سەرو ٣٢٠ ملیارە". 

دەشڵێت" جگە لەوە ١٧/١٠/٢٠٢٣ کاتێک هاتن بۆ بەغدا لیستێکتان هێنابوو کۆی گشتی موچەی هەرێم ٩١٣ ملیارو ٦٢٣ ملیۆن دینار بوو، ئێستە بەبێ دامەزراندنی وانەبێژو خۆبەخش و سێ یەکەمەکان و بەهەمیشەیی کردنی گرێبەستەکان و پلەبەرزکردنەوە، چۆن موچە گەشتووە بە ٩٤٩ ملیار و ٨١٣ ملیۆن دینار، واتە لەم ماوەدا ٣٦ ملیار و ١٩٠ ملیۆن موچە زیادیکردووە". 

سۆران عومەر ڕاشیگەیاندووە" سەیرە وەزارەتی دارایی باس لە داهاتی نەوتی و نانەوتی ناکات، کە بەپێی یاسای بودجەو بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەبێ ئەو داهاتانە ڕادەست بکرێ، بەتەنکەر نەوت دەفرۆشن کوا داهاتەکەی؟ جگە لەوە مانگانە هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە وەردەگرن، پاشان بەوشەیەکیش باسی بڕیاری دادگای فیدراڵی ناکەن، باس لە مافی یاسایی و دەستوری موچەخۆرانی هەرێم دەکەن، مەگەر پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران مافی یاسایی و دەستوری نیە؟، مەگەر هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان وەک خانەنشیننی عێراق مافی یاسایی و دەستوری نیە، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئێوە بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕەتدەکەنەوە بۆ جێگیرکردنی موچە لە بانکە حکومیە فیدراڵیەکانەوە، ئەی بە دیلتان چییە بۆ برسیکردنی خەڵک و نەهاتنی موچە؟ چۆن ئەتوانن بەم دۆخەوە بچنە هەڵبژاردن و داوای دەنگ لە خەلک بکەن". 


PM:12:20:13/03/2024