کەشناسێک: شەپۆلێکی بەهێزی باران و تەرزە روو لە ناوچەمان دەکات و لافاو دروست دەبێت

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات کە لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا سەرەتا پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە دواتر لە ئێوارەی رۆی هەینییەوە حاڵەتێکی خێرایی ناسەقامگیری کەش دروست ئەبێت و بارانی بەخوڕ و تەرزەدەبارێت و لە رۆژانی ١٨ و ١٩ی مانگەوە ئەگەر ھەیە لێزمە باران ببارێت و لافاو دروست بێت.

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند" سەرەتا لەماوەی سبەی و دوو سبەی ھەینیدا بەھۆی کاریگەری بەردەوامی بارستە ھەوای گەرمی باکوری ئەفریقا پلەکانی گەرما لەناوچەکانمان بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ئەبینێت و ئاسمانیش بەزۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور".

ئەو شارەزایەی کەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو" لەئێوارەی رۆژی ھەینیەوە حاڵەتێکی خێرایی ناسەقامگیری کەش دروست ئەبێت لەئەنجامی ھاتنی شێی دەریای سووری عەرەبی بۆ سەر بەشێک لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەگرێتەوە لە چالاکبوونی با و ھەورە بروسکە و تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزەدا خۆی ئەبینێتەوە کە لەھەندێ شوێنی ئەم ناوچانەدا ھەورە بروسکەی توندیش چالاک ئەبێت و ئەم حاڵەتە تا بەیانی رۆژی شەمە ١٦ی ئازار بەردەوامی ئەبێت".

ئاراس جەبار وتیشی" دیارە وەک پێشتریش باسمانکرد نزمەپاڵەپەستۆیەکانی دەریای سوور چالاکتر ئەبن لە ھەفتەی ئایندەدا بەتایبەت لەرۆژانی ١٨ و ١٩ی مانگەوە ئەگەر ھەیە بارستەیەک ھەوای زۆر شێدار تەواوی وڵاتانی ناوچەکە بگرێتەوە و شەپۆلێکی بەھێزی ھەورە بروسکە و لێزمە باران بەشێوەی سەرتاسەری دروستببێت کە بۆ سەرجەم ناوچەکان پێشبینی بارانێکی زۆری لێدەکرێ لەگەڵ دروستبوونی لافاو و بارینی تەرزە بە قەبارەی گەورە لەھەندێ شوێندا ھاوشێوەی شەپۆلەکەی ڕابردوو".



PM:06:11:13/03/2024