هەنگاو: لەماوەی یەک هەفتەدا ٩ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران بوونەتە قوربانی

لەماوی یەک هەفتەی رابردوودا لانیکەم ٩ کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بوونەتە قوربانی .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە" لە ماوەی یەک هەفتەدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٩ کۆڵبەر بە تەقەی راستەخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە".

بە گوێرەی راپۆرتەکەی هەنگاو سەرلەبەیانی رۆژی پێنج شەممە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەسترێژی گولـلەیان لە دوو کاروانی کۆڵبەران لە سنووری نەوسوودی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و بەهۆیەوە سێ کۆڵبەر خەڵکی جوانڕۆ و شاهرۆخ وەلیانە و شاری داڵاهۆ برینداربوون".

ئاماژەی بەوەشداوە کە لە رۆژی چوارشەممە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەسترێژی گولـلەیان لە کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی خەڵکە گوندی چۆمان کردووە و برینداریان کردووە، هەروەها لە سنووری شارەکانی سنە و داڵاهۆ و مەریوان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە ئەشکەنجە و دەسترێژی گولـلە سێ کۆڵبەری دیکەیان بریندار کردووە.

لە راپۆرتی هەنگاودا هاتووە" سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ئەنجامی دەسترێکی گولـلەی هێزەکانی ئێران بۆسەر ئۆتۆمبێڵێکی کۆڵبەران لە مەریوان دوو کۆڵبەر گیانیان لەدەستدا و دووی دیکەش برینداربوون".




PM:02:36:15/03/2024