پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆمار رازی نییەو دەستی بەهێرشکردنە سەری دەستپێکردووە، ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقی، ڕەخنە لە لەتیف رەشید دەگرێت و دەڵێت " ئایا سەرۆک کۆمار نوێنەری کوردە، یان حزبەکەیەتی ؟"و بەبێ " هەڵوێست " ناوزەدی دەکات.
خدر مەنتك، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە میدیایەکی نزیک پارتی راگەیاندووە" زۆر پێمان سهیره ئهو سهركۆماره كه دانراوه، بۆچی قسهیهك لهسهر بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی عێراق ناكات؟ هەموومان دەزانین كە گوشار و پێشێلكارییەكی گەورە دەرهەق بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە لایەك، پێکهاتەكانی كوردستان لە لایەكی دیكە و بابەتی وزە و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە،كەچی سەركۆماری عێراق بێهەڵوێست و بێدەنگە."
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت ”ئێمە پرسیار لە سەركۆماری عێراق دەكەین، ئاخۆ نوێنەری كورد و كوردستانە یان تەنیا نوێنەری حزبەكەیەتی؟ خۆ دەبێ ئەوە بزانێت ئەگەر لە پشكی كورد و كوردستان نەبوایە، هەرگیز لەو پۆستە دانەدەنرا!"
”بەهۆی بێهەڵوێستییەكەی، داوا لە سەركۆماری عێراق دەكەین، دەست لەكار بكێشێتەوە، بگرە دەست لەكاركێشانەوەی بۆ كورد سوودی زۆر زیاترە لە مانەوەیەكی بێهەڵوێستانە."( پەرلەمانتارەکەی پارتی وا دەڵێت).
لەلایەکی ترەوە مونا قەهوەچی پەرلەمانتاری تورکمان لە نووسنێکی کورتدا بەناونیشانی " وابزانم سەرۆک کۆماری ئێمە خەوتووە " دەڵێت " بەپێی دەستور سەرۆکی کۆمار پارێزەری دەستورە، بەڵام وابزانم سەرۆک کۆماری ئێمە خەوتوە، بۆیە ئەڵێم خەوتوە چونکە چەندین مادەی دەستوری پێشێڵکراوە، جەنابیان یەک هەڵوێستیشی دەرنەبریوە، سهرۆك كۆمار هەر تەنها جارێک نەیپرسیوە بۆ؟!.
دەشڵێت " باشە ئاشکرایە کە پۆستی سەرۆک کۆمارت بەشێوەی کۆتا و بەتوافوق وەرگرتوە، خێرە ئێستا لە ئاست ئەو نادادی و زوڵمانەی لە پێکهاتەکان دەکرێت بێدەنگی".
دەشپرسێت " باشە سەرۆک کۆماری هەموو عێراقی یان تەنها خۆت بە نوێنەری لایەنێکی سیاسی دەزانی؟".