قەرەیڵان باسی نەورۆزو پافڵ تاڵەبانی‌و پارتی‌و تورکیا دەکات

لە نوێترین چاوپێکەوتنی موراد قەرەیڵان سەرکردەی سەربازی و سیاسی دیاری پەکەکە باسی دۆخی سیاسی و، پیلانە سیاسی و سەربازییەکانی تورکیا و هەماهەنگییەکانی پارتی بۆ تورکیاو، هەڵوێستی بافڵ تاڵەبانی دەکات کە لە هەڵوێستی رازییەو بە هەڵوێستی تاڵەبانی باوک دەیشوبهێنێت.

پوختەیەکی چاوپێکەوتنەکەیە کە لە فراتنیوزەوە وەرگیراوە:
 
شەڕ لە باکوریش هەیە

- لەم ٩ ساڵەی دواییدا بە گشتی شەڕێکی زۆر دژوار لە کوردستان روویدا و لە سێ ساڵی رابردووشدا ئەو شەر گەرمتر و توندتر بووە. نەک هەر لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا یاخود هێڵی باشوری کوردستان، لە باکوریش شەڕ هەبوو. لە ساڵی ٢٠٢٣دا دژوارترین شەر لە باکوور بوو. بەڵام ئەوەی باکوور ناکەوێتە ناو راگەیاندنەوە. دەوڵەتی تورکیش باسی ناکات. ئێمەش لە کاتی خۆیدا نایبیستین. دوای مانگێک دوو مانگ دەیبیستین. ئەو کاتەش ئەو هەواڵە دەکەوێتە دەرەوەی بابەتە گەرمەکان. لە سەرتاسەری ئەیالەتەکانی باکوور یاخود لە دێرسیمەوە تا گەڤەر، لە گەڤەرەوە تا مێردین، لە مێردینەوە تا خەرزان و سەرحەد، ئامەد، بۆتان و لە هەموو شوێنەکان شەڕی زۆر دژوار دێنە ئارا و لەو شەڕانەشدا ژمارەیەک لە هەڤاڵانمان شەهید بوون. هەموو ئەو هەڤاڵانە لە کەسایەتی لەیلا سورخوێن، یاشار، ئاخین موش، دڵگەش گوزەرەش، جانشیر ماکو، هێژار زۆزان، رێدور سیسەر و هەموو خۆڕاگرانی باکووری کوردستان بە بیردەهێنمەوە. هەموو ئەمانە لە ساڵی ٢٠٢٣دا روویاندا.
- لەگەڵ ئەوەشدا لە باشووری کوردستان ماوەی سێ ساڵە شەڕێکی زۆر دژوار لە دەوروبەری زاپ، ئاڤاشین، مەتینایە و لەو هێڵانە بەرخودانێکی گرنگ هەیە. دوای ئەو شەڕ و بەرخودانانە، بەرەوپێشبردنی هەڵمەتەکان زۆر گرنگ بوون. هەڵمەتەکە بە چالاکیەکەی ١ی تشرینی یەکەمی ئەنقەرە دەستیپێکرد. هەڤاڵانی فیدایی رۆژهات و ئەرداڵ دەستیان پێکرد. دوای ئەوە لە مانگی تشرینی دووەمدا هەڵمەتەکە بەرەوپێشچوو. لەو هەڵمەتەشدا هەڤاڵان ئاندۆک و جوان، بۆتان و عەگید کۆبانێ شەهیدبوون. لە مانگی کانونی یەکەمیشدا بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ وڵات، هەڵمەت حسێن و مەمیان ئەو هەڵمەتە کەوتە رێ و ئەو هەڤاڵانە شەهید بوو. هەڵمەتی مانگی کانونی دووەم بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ سەرخۆبوون و رزگار ئەنجام درا. هەڵمەتی شوباتیش قارەمان و شەهیدە بەنرخەکەی شەڕڤان ڤارتۆ بوو. هەموو ئەو هەڤاڵانە بە رێز و پێزانینەوە بەبیر دەهێنمەوە و یادیان بە زیندوویی رادەگرین. هێڵی ئەوان دەگرینەبەر. ئەوان وێنای رۆحێک دەکەن. بە رۆحێکی فیدایی هەڵمەتەکەیان بەڕێوەبرد. لەو هەڵمەتانەدا تائێستا بە گشتی ١٣ شەهیدمان هەبووە. پێویست ناکات لێرە باس لە زیانە گیانیەکانی دوژمن بکەم. واتە بە سەدانن، ئێمە پێشتر ئاشکرامان کردووە. زیانە گیانیەکانیان زۆرن. ژمارەیەکی زۆر چەک و بڕێکی زۆر تەقەمەنیان دەستیبەسەردا گیرا. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە عەرشی رووم سوتێندرا. ئەوە خاوەن واتایەکە. ئەوان زۆر گوند و ناوچەی ئێمەیان سوتاند.
بەتایبەتی هەردوو چالاکیەکەی ئەم دواییەی مانگی کانونی دووەم و شوبات بەم جۆرە ئەنجامدران. بێ گومان ئەو چالاکیانە هەڵگری پەیامێکن و ئامانجێکیان هەیە. مەبەستیان ئەوە نییە کە دوژمن زیاتر بکوژرێت. تەنیا ئەوە نییە. ئەو چالاکیە پێرفۆرمانسی گەریلاکانی ئازادیی کوردستانی نیشاندا. گەریلا بە چ جۆرێک دەتوانێک بە شارەزاییەوە بجوڵێتەوە. گەریلا بە داهێنەری و کۆردینەیی بە چ رۆح و شێوازێکەوە دەتوانێت چالاکی کۆنترۆڵکردن ئەنجام بدات. چەند زاڵە بە سەر تاکتیک و تەکنیکدا؟ ئەوەی بە هەمووان نیشاندا. گەریلا پێرفۆرمانسی خۆی بە دۆست و دوژمن نیشاندا. لە هەمان کاتدا راستی سەربازانی کرێگرتەی تورک، کە بەپارە بەکرێ گیراون، ئاشکرا کرد. کاتێک لە نزیکەوە شەڕ دەکەن، ئەوەی دەکەونە چ دۆخێکەوە بە باشی بینرا. 

سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە کورد

- ئەم دەوڵەتەی تورک لە ئەنجامی هاوپەیمانێتیەک پێکهێنراوە. ئەو هاوپەیمانێتیە لە نێوان مەهەپە و ئەرگەنەکۆنی نەژادپەرست و ئاکەپەدا هاتووەتە ئاراوە. هاوپەیمانێتیەکە ئامانجێکی هەیە. ئامانجەکەی چییە؟ بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەترسی بۆ سەر خۆی دادەنێت. دەبێت ئەو مەترسیە نەهێڵێت. بۆ ئەوەش پێویستە پەکەکە پاکتاو بکات. دەستکەوتەکانی گەلی کورد و قەوارەی ئێستا لەناو ببات. بە شێوازێک داگیری بکات و لەسەر بنەمای ئەوانە سازکراوە. ماوەی نۆ ساڵە لەوپێناوەدا لە دژی ئێمە شەڕ دەکەن. دەیانویست زۆر زوو بگەنە ئەنجام، بەڵام سەرنەکەوتن. دوایین جار ویستیان لە ساڵی ٢٠٢٣دا بگەنە ئەنجام و سەرکەوتنی خۆیان رابگەیەنن. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ٢٠٢٣ سەد ساڵەی راگەیاندنی کۆماری تورکیا و لە هەمان کاتدا سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان بوو. ویستیان لەو سالەدا سەرکەوتنی خۆیان رابگەیەن، بەڵام نەیانتوانی. ئەوە راستیەکە. وتیان 'ئێمە لە سێ مانگدا زاپ و دەوروبەری زاپ چارەسەر دەکەین، داگیری دەکەین و تەواوی هەرێمەکانی مێدیا لەناو دەبەین'. سێ مانگ خۆڕاگریان کرد. بەڵام ماوەی سێ ساڵە هێشتا بە دەوروبەری زاپەوە خەریکن. گەیشتوونەتە بنبەست. دەیانەوێت جارێکی دیکە پلانی نوێ دابڕێژن. لەبەر ئەوەی سیستمی تورکیش لە ژێر ئەو شەڕەدا زۆر لاواز بووە، بەتایبەتیش لە رووی ئابووریەوە زۆر لاواز بووە. لەبەر ئەوەی هەموو داهات و ئایندەی خۆی بەرەو ئەو بوارە ئاراستە دەکات. 

- لە بارەی بافڵ تاڵەبانییەوە
 جیا لەوەش زانیاری هەواڵگریمان هەیە. لەو دیدارانەدا ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە زانیارییمان لەبارەیەوە هەیە. بە گوێرەی زانیارییەکانمان پەدەکە بەشداربوون لە شەڕ دژی ئێمە رەتناکاتەوە. بەڵام دەڵێت بە تەنیا بەشداری ناکەم، پێویستە یەنەکەش بەشدار بێت یاخود عێراق. ئەو داواکاریانەی لە تورکیا هەبووە. دیارە کە پەدەکە نایەوێت بە ناوی حزبەکەیەوە بەو جۆرە راستەوخۆ بەشداری شەڕ بکات. دەیانەوێت لە ژێر ئاڵای عێراقدا بەشداری لەو شەڕەدا بکەن. بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان هێناوە بەم جۆرە دەردەکەوێت. خۆی لە خۆیدا دیدارەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ یەنەکەش دیارە. یەنەکە وەڵامی داواکارییەکانی ئەوانی نەداوەتەوە. کەسانی وەک هاکان فیدان، یاشار گولەر و ئەردۆغانیش هەڕەشە لە یەنەکە دەکەن. لەم دواییەدا سەرۆکی یەنەکە بافڵ تاڵەبانیش لە دژی ئەو هەڕەشانە لە رێگەی راگەیاندنەوە هەڵوێستی خۆی نیشاندا. من خۆم بافڵ ناناسم، نەمبینیوە. بەڵام من زۆر جار مام جەلالم بینیوە. دەتوانم بڵێم کە ئێمە هاوڕێ بووین. بەڵام من بافڵم نەبینیوە. بەڵام ئەو لێدوانانەی ئەو کە بە گوێرەی ئەوەی لە راگەیاندنەکانەوە خوێندومنەوە و گوێم لێیان بووە، زۆر ئاسایی و نەتەوەیی بوون. چی دەڵێت؟ دەڵێت بۆچی ئێمە دژی پارتێکی کورد شەڕ بکەین؟ ئێمە لەگەڵ هیچ پارتێکی کوردیدا شەڕ ناکەین. مەگەر لەوە ئاساییتر شتێک هەیە. پێویستە هەموو کوردێک ئەو بڵێت. هەموو پارتە کوردیەکان ئەوە بڵێن. واتە ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی یەنەکە لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانە بێگومان یەنەکە گەورە دەکەن. واتە ئەو هەڵوێستە واتایەکی نەتەوەیی هەیە. بافڵ یەنەکە لە ئایندەدا بەهێزتر دەکات. ئەوە ئاشکرایە. بەڕێز مام جەلال تاڵەبانیش لە کاتی خۆیدا بە تورکیای وتبوو، هیچ شتێک رادەستی تورکیا ناکەین، ئێمە دەرزیەکی خۆشمان نادەینە تورکیا. دیارە کوڕەکەشی لە سەر رێچکەی باوکیەتی. ئەمە هەڵوێستێکی نەتەوەییە. ئەوە نەک هەر پەیوەست بە ئێمە، ئەوان خۆیان سیاسەت بەو هەڵوێستانە روون دەکەنەوە. خۆی پێویستە هەموو کوردێک بەو جۆرە بجوڵێتەوە.

هاوکاری پارتی بۆ سوپای تورکیا

شتێکی دیکەی سەرنج راکێش ئەوەیە کە لەم ماوانەی دواییدا کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن ئێمە لەگەڵ پەدەکە هاوڕاین. واتە دەیەوێت پەدەکە زیاتر هاوکارییان بکات. ئایا ئەو هاوکارییە زیاترە چییە؟ بۆ نمونە سیخوڕی دەکات. پێشتر تەنیا دەزگای پاراستن ئەوەی دەکرد. ماوەی دوو ساڵە چوارچێوەی ئەوەیان فراوانتر و بەرینتر کردووە. ئیتر ئاسایشیش ئەوە دەکات، هەندێک هێزی تایبەتیشیان وەک پێشمەرگەی تایبەتی وەک زێرەڤانیش ئەوەش دەکەن. کاتێک دەبینین گەریلا لە شوێنێکەوە تێپەڕدەبێت یاخود کامێراکانی ئەوان دەبینن، ئێمە سەیر دەکەین کە دەستبەجێ هێرشی ئاسمانی تورکیا دێتە ئاراوە. واتە رۆژانە ئەو شتانە دەبینین. کەس ناتوانێت بڵێت کە ئێوە بوختان دەکەن. هەموو ئەوانە راستن و روودەدەن. ئەگەر کەسێک بڕوای بەوە نییە با بێت و دوو رۆژ لەگەڵمان بمێنێتەوە و بە چاوی خۆی بیبینێت.
دەوڵەتی تورک دەیەوێت پەدەکە و پەکەکە بەشەڕ بدات. باش کاربەدەستانی تورک دەناسین. چەندین ساڵە بە باشی ئەوان و لایەنی دەروونیان باش دەناسین. هەموو شتێکی ئەوان دەزانین. ئەوان دەیانەوێت ئێمەی کورد لەناو ببەن. واتە نەک هەر پەکەکە لەناو ببەن. دەیانەوێت تەواوی کوردان لەناو ببەن. قەوارە و کیانی کردان لەناو ببەن. ئامانجیان ئەوەیە. بۆ نمونە ئێستا دەیانەوێت بێن و گارە بگرن. ئەوەش بە هاوکاری کوردان بکەن. ئەگەر گارە بگرن چی دەکەن؟ گارە شوێنێکی ستراتیژیە. بناری گارە هەندێکی رێگەی نێوان هەولێر و دهۆکی پێدا تێپەڕدەبێت، هەموو کەس دەزانێت، گەلەکەشمان دەزانێت. دەیەوێت بەم جۆرە لە باشووری کوردستان جێپێی قایم بکات. لە دواییشدا بە جۆرێک خۆی بخزێنێتە کەرکوک. خۆی لە خۆیدا تورکمانەکانی کەرکوک ئەوانەی لە خۆیەوە نزیکن پەروەردە دەکات و ئامادەیان دەکات. بڕوانن بۆ نمونە ئاگر لە شوێنێکی هەولێر کەوتەوە. کێ ئەوەی لە ئەستۆ گرت؟ هەمووان دەزانن رێکخراوێکی تورکمان، شۆڤینیستی، تورانچی سەر بە میت ئەوەیان لە ئەستۆ گرت. میت پەروەردەیان دەکات. بەڵام ئایا بە بێ میت ئەو شوێنەیان سوتاند؟ هەروەها لە کەرکوک هەندێک شوێنیان سوتاند. نابێت مرۆڤ بەشێوەی تاکتیکی ئاسان مامەڵە نەکات، پێویستە بەشێوەی ستراتیژی بجوڵێتەوە. ئەو دەوڵەتەی تورک، مێشکی مەهەپە، ئەرگەنەکۆن و ئاکەپە بۆ ئەوەی قەوارەی کوردان لەناو ببەن، دەجوڵێنەوە. واتە ئەقڵیەتیان بەم جۆرەیە، ئامانجیان بەم جۆرەیە، سیاسەتێکی بنچینەیی داخراویان هەیە، ئەمە شاراوەیە. ئەوەی شاراوەشە بەم جۆرەیە، ئەوان دەیانەوێت ئەو ئەنجامە بەدەستبهێنن.

- ئێمە دەڵێین با ئەوانە نەکرێن. واتە کاربەدەستانی پەدەکەش ئەوانە دەبینن. هەندێک ستراتیژیانە مامەڵە بکەن. ئەوەندە تاکتیکی نزیک نەبنەوە. تورک دەڵێت لەهاوکارییەکانتان یەک هەنگاو زیاتر بێنە پێشەوە. یەک هەنگاویتر بۆ پێشەوە هەڵگرتن بە واتای شەڕە. کاتێک شەڕ بکەن چی روودەدات؟ ئەوان شەڕ بکەن، ئەو کاتە ئێمە وەک بزوتنەوە داوا لە سەرجەم گەلی کوردستان، دۆستانی گەلی کوردستان دەکەین. داوا لە سەرجەم ئاپۆچییەکان دەکەین. ئێمە دەڵێین ئاپۆییەکانی کوردستان لە هەموو شوێنێکی کوردستان ئێوەش هێرش بکەن. شەڕ رووبدات بەم جۆرە روودەدات. لە هەموو شوێنێکی کوردستان دەبێت. بۆ نمونە هێزەکانی پەدەکە لەگەڵ تورکەکان بچنە مەتینا و هێرش بکەنە سەر هەڤاڵانمان و وەرن چوزانم بۆ گارە هەمان شت بکەن، ئەو کاتە ئێمەش ئەوە دەکەین. واتە ئیتر لە ئێمە تێپەڕدەبێت. دەبێت گەلەکەمان ئەوە بزانێت. رەنگە هەموو شتێک لەناو بچێت. هەڕەشە لەکەس ناکەم، بەڵام دەبێت هەمووان ئەوە بزانن. واتە فیداییمان هەیە و دەتوانین خۆمان بگەیەنینە هەموو شوێنێک. هێزی تەکنەلۆژیاییشمان هەیە و دەتوانین خۆمان بگەیەنینە هەموو شوێنێکی هەموو شارێک. نابێت بەم جۆرە بە خراپی لەسەر یەکتر بیر نەکەینەوە، بەتایبەتی ماڵی بارزانی، لەم خاڵانەدا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن. ئەگەر ئەوە رووبدات ئەو کاتە قەوارە و کیانی کوردانیش نامێنێتەوە. تورک ئەمەی دەوێت. دۆخەکە بەم جۆرە گرنگ و مەترسیدارە. بۆیەش داوا دەکەین هەمووان خاوەنداری لە بەرپرسیارێتی خۆیان بکەن.
زۆر زۆر دەتاسێم و تووشی سەرسوڕمان دەبن ئەو فەرماندانە چ فەرماندەیەکن، پاسەوانی سەربازانی تورکیا دەکەن. بۆ ئەوەی دەتمان بە تورکەکان نەگات، بۆسەمان بۆ دادەنێن. تائێستا چەند چالاکییەکی ئێمەیان بەو جۆرە لەبار بردووە، ئەگەر پاڵپشتییەکانی پەدەکە نەبوایە ئەوانمان لێدەرکردبوو. با خۆیان بخەنە لایەک و سەیر بکەن. خۆی لەخۆیدا ئێمە داوای ئەوە دەکەین. ناڵێین هاوکاریمان بکەن. لەلایەکەوە بوەستن، بزانن کێ دەرەقەتی کێ دێت، هەموو شت ئاشکرا دەبێت. مەگەر دەوڵەتی تورک هەموو شتێکی نییە؟ ئێمەش دڵمان هەیە، بڕوامان هەیە، باوەڕمان هەیە، خۆشەویستی وڵاتمان هەیە. با بێن، ئەگەر توانیان لەناومان ببەن با لەوان پیرۆز بێت. سەیر بکەن. بەڵام هاوکاریان دەکەن، زانیاری هەواڵگرییان پێدەدەن و رێگەدەگرن. ئەمە نابێت. هەم لە رووی ویژدانییەوە نابێت، هەمیش دادپەروەرانە نییە. هیچ شتێک نییە. کاتێک مرۆڤ سەیری راگەیاندنی ئەوان دەکات بە شەو و رۆژ باسی کوردایەتی دەکەن، بەڵام بە کردەوە دەڕوانی بەم جۆرە نییە. ئەمە دژیەکییە. بۆیە هیوادارین کە ئەو دژیەکی و ناکۆکیە لەئارادا نەمێنێت. هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورک مەترسیدارە. تادێت بەرەو مەترسی دەڕوات. بۆیەش ویستمان هەموو کەس وشیار بکەینەوە. ئێمە چاوەڕێین، کە هەمووان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن. تائێستا لە دیدارەکانی نێوان دەوڵەتی تورک و دەوڵەتی عێراقدا دەرکەوتووە کە دەوڵەتی عێراق هەندێک بەڵێنی پێداون. بەڵام بە گوێرەی قسەکانیان قەبوڵیان نەکردووە. 

لە بارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و هێرشکێشی تورکیاوە هاوکاری پارتی و عێراق

- ئێستا بڕوانن، رۆیشتنی سەربازان بۆ ئەوێ و ئەو سەربازانەی ئێستا لە هەفتانین، مەتینا کە لە ژێر ناوی پاسەوانی سنوور جێگیرکراون، وەک پاسەوانی کردنی داگیرکەری تورکیایە و رەوایەتی بە داگیرکەری دەدات. واتە تورکیا ئەوێی داگیرکردووە و عێراقیش سەربازەکانی بۆ ئەوێ دەنێرێت و لە تەنیشت ئەوانەوە، لە ژێر کاریگەری ئەوان و بە فەرمانی ئەوان جێگیر دەبن. ئەمە قەبوڵکردنی داگیرکەرییە. پێویستبوو کە حکومەتی عێراق بیگوتایە کە پێویستە ئێوە بکشێنەوە ئێمە دێین و لەوێ جێگیر دەبین. بەڵام ئێستا بە فەرمانی تورکیا دەچن. مۆڵەتی لێوەردەگرن.

- باسی ژووری هاوبەش دەکرێت، یاخود جموجۆڵی هاوبەش، ئامانجەکەی ئەمەیە، ئەو دەیەوێت خۆی قایم بکات و جێگیربێت و بەم جۆرە دەڵێت ئێوەش هەن. بەم جۆرە سەرقاڵیان دەکات، خۆی لە خۆیدا لەناو خۆشیاندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن. خاوەن ئیرادە نین. دەوڵەتی تورکیا لە ناوخۆیدا بەم جۆرەش دەڵێت، هەڵوێستی عێراق لە کۆتاییدا لەبارەیەوە بڵێم تائێستا بەم جۆرە ناڕوونە. بەڵام تائێستا بە تورکیای نەگووتووە بەڵێن. وەک ئەوەی ئاگاداری نیازەکانی دەوڵەتی تورک نین. بەو جۆرە مامەڵە دەکەن. دەیانەوێت داگیرکردنی خاکی کوردستان بە رەوا ببینن، ئەوە شتێکی راست نییە، هیوادارم دەوڵەتی عێراق، حکومەتی عێراق لەو خاڵانەدا، درک بە سیاسەتی تورکیا بکات و لە بەرامبەر سیاسەتی تورکیا خاوەن هەڵوێست بێت. چاوەڕوانیمان بەم جۆرەیە. هەندێک هەوڵدانی بەم جۆرەس هەیە، ئێمە هیواخوازین کە ئەو هەڵوێستە زاڵ بێت. بەم جۆرە بەشداری لە گەمەکانی دەوڵەتی تورک نەکەن. لەو بڕوایەدام کە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراقیش بەم ئاراستەیەیە و حکومەت خۆی بگەیەنێتە ئاستێک کە بتوانێت لە هەموو هەلومەرجێکدا نوێنەرایەتی بەرژەوەندی گەلی عێراق بکات.
لەبارەی هاوکاری ناتۆوە بۆ تورکیا
- ئێستا ناتۆش کە لە سەرەتاوە تا ئێستا لە دژی ئێمە پشتیوانی لە سوپای دەوڵەتی تورک کردووە، سەرباری ئەوەی لەنێوانیاندا مشتومڕ و قەیرانیش هاتوونە ئاراوە، بەڵام ناتۆ بەردەوام پشتیوانی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ئێمە کردووە. لەئێستاشدا دەوڵەتی تورک پشتی بە پاڵپشتییەکانی ناتۆ گەرمە. ئێمە دەزانین ئەو تەکنەلۆژیایە بەدەست تورکیایەوە، بۆ وێنە فرۆکەی سیخوڕی بچوک کە تورکیا دەڵێت 'خۆم بەرهەمیان دەهێنم' راستە لە تورکیا دروست دەکرێن، بەڵام کاتێک مرۆڤ لە پارچە گرنگەکانیان دەڕوانێت، دەبینێت کە هەموویانی لە دەوڵەتانی ناتۆ کریوە. لە کەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا ئەوانەی کڕیوە. هەندێک پارچەشیان لە ئوکرانیا دروست کراون. 
ئێستا دەبێت دەوڵەتانی ئەندام لە ناتۆ، بە تایبەتی ئەمریکا باش ئەوە بزانن. تائێستا ئێمە دژی ئەوان هیچ شتێکمان نەکردووە. دۆزی ئێمە دۆزێکی نەتەوەییە، داوای مافە سروشتییەکانی گەلەکەمان دەکەین. بۆ ئەوە دەستمان پێکرد. ئەوەی داوای دەکەین مافە سروشتییەکانی گەلەکەمانە، کە لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدان، مافی دیموکراسی و ئازادین. دەبێت دژی دۆزی گەلی کورد نەوەستنەوە. 



PM:10:32:16/03/2024