هاتوچۆی هەولێر هۆشداری بە شۆفێران دەدات

هاتوچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" پێویستە شۆفێرا ئۆتۆمبێلەکانیان لەو شوێنانە رانەگرن کە ئەگەری کۆبوونەوەی باراناویان هەیە". 

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاگاداری شۆفێرانی شاری هەولێر دەکاتەوە کە بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بارانبارین و ئەگەری کۆبوونەوەی باراناو، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٤ ئۆتۆمبێلەکانیان لەو شوێنانە رانەگرن کە ئەگەری کۆبوونەوەی باراناویان هەیە.

هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەتایبەتی نزیک پردی سەیداوە کە پێشووتر چەندین ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییان ژێر ئاوی باراناو کەوتوون و تووشی زیانی ماڵی بوون. 

پێشتریش فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم لە هۆشدارییەکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەمشەو ئەگەری روودانی لافاو هەیە و ڕۆژی سێشەممەش دۆخی کەشوهەوا سەخت دەبێت.


AM:12:07:19/03/2024