" سپی " نهێنی چۆنێتی بڕیاردانی مەکتەبی سیاسی پارتی لە بارەی هەڵبژاردنەوە، ئاشکرا دەکات

بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە رۆژی ١٨ ی ئازاری ٢٠٢٤ راگەیەندرا هەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵدا نەبووە. ( سپی ) زانیاری ورد لەسەر چۆنێتی دەرکردنی ئەو راگەیاندنە بڵاودەکاتەوە.

ماوەی سێ رۆژە پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی دوورو درێژی شۆک ئامێزی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق دەرکردووە کە بۆتە مایەی سەرنجێکی زۆری هاوڵاتیانی کوردستان و لایەنە عێراقییەکان، بەبێ ئەوەی بزانرێت کە ئەو بەیاننامەیە چۆن دەرچووە، چ کەس و لایەنێکی بە‌هێزی نێو پارتی بەبێ ئاگاداری ژمارەیەک لە مەکتەبی سیاسییەکانی ئەو حزبە دەریکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا سێ رۆژ مەکتەبی سیاسی لەسەر پرسەکانی هەڵبژاردنی کوردستان و هەڵوێستەکانی دادگای فیدراڵی کۆبوونەتەوە بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ رێککەوتنێک، گفتوگۆکانی مەکتەبی سیاسی بە دوو ئاراستەی جیاوازدا رۆشتووە، مەسعود بارزانی بە پلەی یەکەم و دواتر مەسرور بارزانی لەگەڵ بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و، لەگەڵ تانە و رەتکردنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدا بوون، لەو بارەیەوە ئەم ئاراستەیە هیچ حسابێکیان بۆ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی نەکردووە کە وادەی هەڵبژاردنی راگەیاندووە کە ١٠ ی حوزەیرانە، هەرچی ئاراستەی دووەمە کە زیاتر نێچیرڤان بارزانی و فازل میران و مەحمود محەمەد و عەلی حسێن بووە، سەرباری تێبینییەکانیان لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و هەڵوێستەکانی یەکێتی و لایەنەکانی تر، لەگەڵ ئەوەدا نەبوون کە پارتی بایکۆتی هەڵبژاردن بکات، هەرچی ئەندامانی دی مەکتەبی سیاسی پارتییە بەسەر ئەو دوو ئاراستەیدا دابەشبوون.

ئەو ئاراستەیەی کە نێچیرڤان بارزانی سەرکردایەتی دەکات رۆژی ١٨ ی ئازار کاتێک راگەیاندنەکە بڵاودەکرێتەوە تووشی شۆک دەبن، چونکە مەکتەبی سیاسی رێکنەکەوتوون لەسەرئەوەی کە بڕیارێک لە بارەی بایکۆتی هەڵبژاردنەوە بدەن.

بەپێی زانیارییەکانی " سپی " ئەو کەسەی کە بریاری دەرکردنی بەیاننامەکەی داوە مەسعود بارزانی بووەو لەلایەن مەسرور بارزانی و ژمارەیەک ئەندامانی مەکتەبی سیاسییەوە پاڵپشتی کراوە، هەرچی نێچیرڤان بارزانی و ئاراستەکەیان بووە وەک هەموو کادیر و هاوڵاتیانی کوردستان بەیاننامەکەیان لە میدیاکانەوە بینیووە.

ئەم هەڵوێستەی پارتی لە کاتێکدایە کە هەفتەیەک پێش ئەو بڕیارە سەرۆکی حکومەتی ماوە ( بەسەرچوو ) ی هەرێم سەردانی ئەمەریکای کردبوو، لە دیدار  و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا ئامۆژگاریان کردبوون کە هەرچی زووترە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەن و پەیوەندی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم یەکبخەن و لەگەڵ بەغدا بەردەوامبن لە گفتوگۆکانیان بە مەبەستی چارەسەکردنی کێشەکانیان.

دوێنێ سێ شەممە وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەحمود محەمەد کە خۆی لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نەبووە، لە کەشێکی باراناویدا بەجیا سەردانی هەریەک لە بزووتنەوەی گٶڕان و حزبی شیوعی و حزبی زەحمەتكێشانی کردووە، سەرجەم حزبەکان بەو وەفدی پارتیان راگەیاندووە کە ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندان لەو کاتەدا کە سەرۆکی هەرێم راگەیاندووە کە ١٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤.   
  
 

PM:06:11:20/03/2024