پەرلەمانی عێراق: وەفدێک بۆ هەژمارکردنی قەبارەی زیانەکانی لافاو بۆ پارێزگای دهۆک دەنێرین

پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان وەفدەێکی راسپاردووە کە بەزوترین کات بۆ زانینی قەبارەی ئەو زیانانەی لەهاوڵاتیان و ماڵوموڵکیان کەوتوە سەردانی پارێزگای دهۆک بکەن و راپۆرتەکەی رادەستی سەرۆکایەتی بکەن.

پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە" لەکاتێکدا ئەنجومەنی نوێنەران سەرەخۆشی خۆی پێشکەشی قوربانیانی لافاوەکەی پارێزگای دهۆک دەکات و هیوای شیفای خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازێت، سەرۆکایەتی ئەنجومەن داوا لە سەرجەم پەرلەمانتارانی پارێزگای دهۆک دەکات کە دەستبەجێ بگەنە ناوچە زیانلێکەوتوەکانی لافاوەکە کە دەکەونە سنووری ئیداری پارێزگاکەوە بەمەبەستی زانینی قەبارەی ئەو زیانانەی لەهاوڵاتیان و ماڵوموڵکیان کەوتوە".

لە راگەیەندراوەکەی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە" هەروەها دیارکردنی پێویستیەکانیان و پاشان بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بە زووترین کات".

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی کە رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە دوێنێ لە پارێزگای دهۆک لافاو روویدا و سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیاتر له‌ (١٥٠) خانوو و (٥٠) ئۆتۆمبێل زیانیان پێگه‌یشتووه‌، هەروەها (١٢٠) هاوڵاتیش له‌ مه‌ترسی رزگاركران و ١١ كه‌سی دیکەش برینداربوون. 




PM:09:36:20/03/2024