هە-پە-گە کوژرانی ٤١ سەربازی تورکیای ڕاگەیاند

هەپەگە ڕایدەگەیەنێت" گەریلاکانمان لە ١٩ی ئازاردا  ئۆپەراسیۆنێکدا ٤١ سەربازیان بەسزا گەیاندووە". 

هێزەکانى پاراستنى گەل - هەپەگە، ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" لە ڕۆژی ١٩ی ئازاردا گەریلاکانمان بە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی گورزی قورسیان لە سوپای تورکیا وەشاندووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا لە ناوچەی زاب (٤١) سەربازی سوپای تورکیا کوژراون، هەروەها کامێرایەکی چاودێری و سێ پڕۆژێکتۆر لەناوبراون. 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە بەمشێوەیەیە: 

ڕێپێوانی سەرکەوتنی هەڵمەتی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بێپسانەوە بەردەوامە، گەریلاکانمان پێشوازیان لە جەژنی ژیانەوە و بەرخودانی نەورۆز بە ڕۆحی کاوەی هاوچەرخ هەڤاڵ مەزڵوم دۆغان کرد، گەریلاکانی ئازادی کوردستان کە بە سەرکەوتنی گەورەی ئاسمانی نەورۆزی ٢٠٢٤یان کردە دیاری بۆ گەلی کورد، لە سەر زەویشەوە لە ١٩ـی ئاداری ٢٠٢٤دا بە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی گورزی قورسیان لە سوپای تورک وەشاند و بەم جۆرە جەژنی نەورۆزی گەلە وڵاتپاڕێزەکەمانیان پیرۆز کرد.

لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، لە دژی سێ بارەگای سوپای تورک ، ڕۆژی ١٩ـی ئادار کاتژمێر ٠٩:٢٥ ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید جوان- شەهید ئاندۆک بەڕێوەچوو، ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی بە تاکتیک و تەکنیکێکی تایبەت بە دەستپێشخەری هێزەکانمان دەستیپێکرد و سەرەتا لە داگیرکەران لە گۆڕەپانی شەهید جەمرە درا، لەو گورزە قورسەدا ٢ کۆنتینەر، خێمەیەک، سەنگەرێک لەناوبران، ١٥ داگیرکەر سزادران، ٩ داگیرکەریش برینداربوون، دوای ئەو لێدانە گورزی کاریگەر لە داگیرکەران لە گۆڕەپانی شەهید جەمرە وەشێندرا، لە گورزی باسکی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیدا ٢ داگیرکەر سزادران، داگیرکەرێک برینداربوو، ٢ سەنگەر و چەکێکى نارنجۆک هاوێژی زنجیردار لەناوبران.

لە گۆڕەپانی شەهید جەسور لە چوار قۆڵەوە گورزی کاریگەر لە داگیرکەران وەشێندرا، لەوێ بەگشتی ٢٤ داگیرکەر سزادران، داگیرکەرێکیش برینداربوو، هەروەها هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی چوونە سەر تەرمی ٧ داگیرکەر و دەستیان بەسەر بۆمبهاوێژێکی بی ٧، چەکێکی نیوئۆتۆماتیک، زنجیر و ١٥٠ فیشەکی، دوربینێکی ڕۆژ، ئامێرێکی دەستنیشانکردن، سیستمێکی دەنگ، دەستکێشێک، ٢ باتری تەرمال، ئاداپتۆرێک و دوو کامێرا، هێزە پرۆفیشناڵەکانی گەریلا دەستیان بەسەر چەکێکی بۆمبهاوێژی بی ٧دا گرت و ئەو چەکەیان لە دژی داگیرکەران بەکارهێنا، بە ڕۆکێتی بی ٧ گورز لە زرێپۆشێکی داگیرکەران وەشێندرا.

بە چەکی سوک و نیو ئۆتۆماتیک گورز لە داگیرکەران لە گۆڕەپانی شەهید پیردۆغان وەشێندرا، لە ئەنجامدا کامێرایەکی چاودێری و سێ پڕۆژێکتۆر لەناوبران.

هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی گورزی بەهێزیان لەو داگیرکەرانە وەشاند کە دەیانویست بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش دەستوەردان لە گۆڕەپانی چالاکیەکەدا بکەن، ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان دوای ئەو گورزەی بەریان کەوت ناچاربوون بکشێنەوە.

لە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید جوان- شەهید ئاندۆکدا بە گشتی ٤١ داگیرکەر سزادران، ١١ داگیرکەریش برینداربوون، چوونە سەر تەرمی ٧ داگیرکەر و دەستیان بەسەر بۆمبهاوێژێکی بی ٧، چەکێکی نیو ئۆتۆماتیک، زنجیر و ١٥٠ فیشەکی، دوربینێکی ڕۆژ، ئامێرێکی دەستنیشانکردن، سیستمێکی دەنگ، دەستکێشێک، ٢ باتری تەرمال، ئاداپتۆرێک و ٢ کامێرادا گرت، نارنجۆکهاوێژێکی زنجیردار، چەکێکی کەسی ئێم پی تی- ٥٥، ٧ کامێرا، ١٢ کامێرای مۆبیس، ٨ مرۆژێکتۆر، ٧ سەنگەر، ٣ کۆنتینەر، ٢ خێمە و ڕادارێک لەناوبران.

هەڤاڵانمان ئەکین و جانشێر، کە لەو ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕیەدا بە گیانی نەورۆز چوونە سەر دوژمن و بە قارەمانێتیەوە شەڕیان کرد، شەهیدبوون، زانیاری فراوان لە سەر ناسنامەی هاوڕێ شەهیدەکانمان دواتر بۆ گەلە وڵاتپارێزەکەمان و ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە.


PM:01:45:21/03/2024