دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت

ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیای گۆڕان سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزارەتی داراییی عێراق مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و بەوەش مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم  ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت.

بە پێی زانیارییەکان هەردووک سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێم پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجام داوە و سودانی بەڵینی بە مەسرور بارزانی داوە تەواوی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

هاوکات ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بۆ مانگی شوبات لەڕێی کۆدەوە دەبێت و کار بە لیست ناکرێت، بەڵام دیارنییە بۆ مووچەی مانگەکانی داهاتوو میکانیزمی ناردنی مووچە بۆ هێزە ئەمنییەکانی هەرێم چۆن دەبێت.



PM:02:34:22/03/2024