بریکاری وەزارەتی داد: سوكایەتیكردن بە دادگای فیدراڵی سوكایەتیكردنە بە هەموو عێراقییەكان

بریکاری وەزارەتی داد ئاماژە بەوە دەکات کە ناوزڕاندن بە شێوازێکی بینراو و بیستراو بە دادگای فیدڕاڵیی عێراق تاوانە و دەڵیت" سوكایەتیكردن بەو دادگایە سوكایەتیكردنە بە هەموو عێراقییەكان".

شیلان عارف، بریكاری وەزارەتی داد ڕایگەیاند" دادگای باڵای فیدڕاڵی لەلایەن دادگای لاهایەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ دانپێدانراوە و سوكایەتیكردن بەو دادگایە سوكایەتیكردنە بە هەموو عێراقییەكان".

شیلان عارف باسی لەوەشكردووە، دادگای باڵای فیدڕاڵی دادگایەکی دەستوورییە و بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە وڵات، بەهیچ شێوەیەک تانە لە بڕیارەكانی نادرێت و وەکو خۆی جێبەجێدەکرێت، جگە لەوەش ئەندامێکی کارایە لە دادگای دەستوریی ئیسلامی و ئەندامە لە دادگای دەستووریی عەرەبی کە زۆربەی ووڵاتە عەرەبیەکان ئەندامن تێیدا.

ئاشكراشی كردووە، ناوزڕاندن بە شێوازێکی بینراو و بیستراو بە دادگای فیدڕاڵیی عێراق تاوانە بەپێی ماددەی (٤٣٣) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ( ١١١) ی ساڵی ١٩٦٩و سزای دیاریکراوی هەیە.

جەختیشیكردووەتەوە، لە بڕگەی کۆتایی لێدوانەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هانی خەڵک دەدات رووبەڕووی ئەو کەسانە ببنەوە و بە خاکفرۆش ناویان دەبات، هەر کردەیەک لە دەرئەنجامی ئەم هاندانە بکەوێتەوە، کەسی هاندەر بەرپرسیار دەبێت بەپێی ماددەی ٤٨ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە( ١١١) ی ساڵی ١٩٦٩، تاوانی ئەنجامداوە و سزای یاسایی دیاریکراوی هەیە.

 


AM:10:36:23/03/2024