نێچیرڤان بارزانی: بە تووندترین شێوە هێرشە دڕندانەکەی سەر مۆسکۆ سەرکۆنە دەکەم

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی شەوی رابردووی بۆ سەر هۆڵی ئاهەنگێرانەکەی مۆسکۆ بە تووندترین شێوە سەرکۆنە دەکات و دەڵیت" تیرۆر هەڕەشەیەکی جیهانییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بۆ تێکشکاندنی یەکگرتوو بێت". 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان( ماوە بۆ درێژکراوە) لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە مۆسکۆ رایگەیاند " بە تووندترین شێوە هێرشە دڕندانەکەی سەر هاوڵاتییانی سڤیل لە مۆسکۆ سەرکۆنە دەکەم".

نێچیرڤان بارزانی نووسیوێتی " بیرمان لای خێزانی قوربانییەکان و گەلی رووسیایە، و تیرۆر هەڕەشەیەکی جیهانییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بۆ تێکشکاندنی یەکگرتوو بێت".

شەوی رابردوو هێرشی چەکداری کرایە سەر ھۆڵی بۆنەکان لە کۆمەڵگەی کرۆکۆسی بازرگانی کە بە کرۆکۆس سیتی ھۆڵ ناسراوە لە مۆسکۆ، و زیاتر لە ٨٠ کەس  کوژران و زیاتر لە ١٠٠ کەسی تریش برینداربوون، و دواتر داعش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامدانی ھێرشەکەی گرتووەتە ئەستۆ و ئاماژەی بەوە کردووە، چەند چەکدارێکیان ھێرشەکەی سەر مۆسکۆیان ئەنجامداوە و جگە لە کوژران و بریندارێکی زۆر، زیانێکی زۆریشیان بە شوێنەکە گەیاندووە و بە سەلامەتیش گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان.



PM:12:03:23/03/2024