"پێش جەژن هەموو ئەو ماڵانە قەرەبوو دەکرێنەوە کە بەهۆی لافاوەوە زەرەرمەند بوون"

پارێزگاری دهۆک رایدەگەیەنێت" پێش جەژن سەرجەم ئەو ماڵانە قەرەبوو دەکرێنەوە کە بەهۆی لافاوەوە زەرەرمەند بوون". 

عەلی تەتەر  پارێزگاری دهۆک، ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢٤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" تائێستا توانراوە ١١٧ یەکەی نیشتەجێبوون بۆ زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی دهۆک دابینبکرێت، ئەمەش یەکەمجارە بەو شێوە خێرایە قەرەبووی زیانلێکەوتوان بکرێتەوە". 

وتیشی" پێش جەژنی رەمەزان هەموو ئەو کەسانە قەرەبوو دەکرێنەوە کە بەهۆی لافاوەوە زەرەرمەند بوون و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە هەزار ماڵ و خێزان بێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو خانووە زیادەڕووەکانی سەر رێڕەوی لافاو لادەبرێن، تەنانەت ئەگەر ئەو خانوانە تاپۆش بن، هەرخانوویەکیش گرفت بۆ رێڕەوی لافاو دروست بکات بێ دوودڵی لادەبرێن. 

ئەوەشی خستەڕوو، قەبارەی زیانەکان لە رۆژهەڵاتی پارێزگاکە زۆرن، هەر بۆیە سەرەتا قەرەبووی ئەو ماڵانە دەکرێنەوە کە کەوتونەتە سنوری شارەوانی رۆژهەڵات.

باسی لەوەشکرد، تا ئێستا حکومەتی فیدراڵ هیچ هاوکارییەکی پێشکەش بەو کەسانە نەکردووە کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها پەیوەندیشیان پێوە نەکردوون. 

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بەهۆی شەپۆلێکی چڕی باران بارین، لافاو پارێزگاری دهۆکی گرتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکەش ڕزگارکران.


PM:02:21:23/03/2024