بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٤ دژی پێنەدانی مووچەکانیان، پزیشکانی نیشتەجێی دێرین و پلەبەند و خولاو لە شاری سلێمانی بایکۆتی کارکردنیان ڕاگەیاند و لە بەردەم نەخۆشخانەی شار گردبوونەوە.
پزیشكانی نیشتەجێی دێرین و خولاو و پلەبەند لە سلێمانی، بەیانی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند" ماوەی ٥٤ رۆژە مووچەمان وەرنەگرتووە و تا ئێستاش چارەنووسی مووچەی مانگی شوبات نادیارە، بۆیە لەبارودۆخێکی سەختی داراییدان".
دەشڵێن" بێجگە لە بەشەکانی فریاکەوتن و نەشتەرگەرییە بەپەلەکان، لە ئەمڕۆوە بایکۆتی سەرجەم ناوەندە تەندروستییەکانی ناو شاری سلێمانی و دەرەوەی شار دەکەین".
هەروەها جەختیش دەکەنەوە لە ئەگەری دابەشنەکردنی مووچەکانیان هەڵوێستی توندتریان دەبێت و ئۆباڵی ژیانی خەڵکیش دەخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێم.
دەقی بەیاننامەکە بەمجۆرەیە:
بە ناوی سەرجەم پزیشکانەوە بەخێرھاتنی کەنالە ڕاگەینادنەکان ئەکەین، ئەرکتان کێشاوە
لەم بارودۆخە ناهەموارەی دارایی، کە تەنگی بە سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگا هەڵچنیوە ئێمە وەک پزیشکانی گەنج، کە پێکھاتووین لە پزیشکانی ( نیشتەجێی دێرین ، خولاو ، پلەبەند ) لە سۆنگەی ھەست کردن بە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر کەس و کار و دانیشتوانی خۆشەویستی شارەکەمان بەردەوام بووین لە بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانمان لە نەخۆشخانەکانی ناو شاری سلێمانی و دەرەوەی سلێمانی بە فریاکەوتنەکان و حاڵەتە ساردەکانیشەوە.
ئەم پزیشکە گەنجانە تاکە سەرچاوەی داهاتیان موچەکەیانە، سەڕەرای ئەوەی ساڵی رابردوو سێ مووچەمان پێ نەدراوە ، لە ئێستاشدا کە ٥٤ ڕۆژ بەسەر وەرگرتنی دواین مووچەمان ڕۆشتووە، لە باروودۆخێکی سەختی ئابووریداین بە شێوەیەک کە بەشێک لە پزیشکان توانای دابین کردنی خەرجیی رۆژانە و تەنانەت خەرجیی هاتووچۆی دەوامەکانیشیان نەماوە .
دوای ئەوەی، کە ھیچ ڕێگەچارەیەکمان نەما، وەک پزیشکانی گەنج بڕیارمان دا لە ئەمرۆھەستین بە بایکۆت کردنی دەوامەکانمان لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی ناو شار و دەروەی شار و مەڵبەندە تەندروستییەکان و سەنتەرە پزیشکییەکان وە ڕاگرتنی سەرجەم نەشتەگەریەکانی بەیانیان و نەشتەگەریە نیمچە تایبەتەکان.
هەروەها لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەررپرسیارێتی و گرنگی پیشەکەمان و تەنها لە پێناو خەڵکی بەش مەینەتی ئەم شارەدا کە خۆمان بە ڕۆڵەی ئەم شارە و دڵسۆزی خەڵکی خۆمان دەزانین، بەردەوامی ئەدەین بە دەوامی فریاکەوتنەکان و ئەنجامدانی نەشتەگەرییە کتوپڕەکان .
لەکۆتاییشدا، داواکارین لە حوکمەتی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دەست بکات بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانمان ، ڕایشی دەگەیەنین لە ئەگەری دابەشنەکردنی مووچەکانمان هەڵوێستی توندترمان دەبێت، ئۆباڵی ژیانی خەڵکی ئەم شارە کە خۆمان بەشێکین لێی، لە ئەستۆی لایەنی پەیوەندیدار واتە حکومەتی ھەرێمی کوردستانە .
بەیانامەی هاوبەشی پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و دێرین و پزیشکانی پلەبەندی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەورەبەری