" تا ئێستا بۆ مووچەی مانگی شوبات ٢٠٠ ملیار دینار کەمهێنان هەیە "

هەرچەندە ئەمڕۆ چوار شەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی ( ماوە بەسەرچوو )، یەکێک لە بڕیارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات بوو، بەڵام تا ئێستا لیستی مووچە رانەگەیەندراوەو بەرپرسانی حکومەت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەرەتای هەفتە دەستبەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەست ماڵپەڕی " سپی " کەتووە وەزارەتی دارایی بۆیە راگەیاندنی لیستی مووچەی خستۆتە رۆژی پێج شەممەو دەستبەدابەشکردنی خستۆتە سەرەتای هەفتە، لەبەر ئەوەی پارەی تەواوی نەختینە نییە لەبەردەستدا تا رۆژی پێج شەممە دەستبکرێت بە دابەشکردنی.

بەپێی زانیارییەکان وەزارەتی دارایی کورتهێنانی نزیکەی ٢٠٠ ملیار دیناری هەیە تا بتوانێت تەواوی مووچەی وەزارەت و دەستەکانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی هەرێم دابەش بکات.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ( ماوە بۆ درێژکراوە )، وەزارەتی دارایی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئاگادار کردۆتەوە کە دەبێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بە هەر شێوەیەک بێت ئەو کورتهێنانە پڕبکەنەوە.

وەزارەتی دارایی عێراق تا ئێستا بە چەند گووژمێک بڕی ٦٠٨ ملیار دیناری خستۆتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بەلآم بەپێی راگەیاندنی ئەو وەزارەتە پێویستی بەنزیکی ٩٤٠ ملیار دینارە تا دابەشی بکات بەسەر سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمدا.   




PM:09:51:27/03/2024