بەهۆی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژنە ڕۆژنامەنووسێک باڵیۆزێکی ئێران لە کارەکەی دوورخرایەوە

دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژنە ڕۆژنامەنووسێکی بێ حیجاب لە باکۆ، باڵیۆزێکی ئێران لە کارەکەی لە ئازەربایجان دوورخرایەوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە نزیکە لە سوپای لە ئێران، پاش بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی چاوپێکەوتنێکی عەباس موسەوی باڵیۆزی ئێران لە ئازەربایجان لەگەڵ ژنە ڕۆژنامەنووسێکی بێ حیجاب، ڕایگەیاند کە "ئەرکی موسەوی لە باکۆ کۆتایی هاتووە".

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبوو ڕێز لە ئادابی ئیسلامی بگیرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکە لەناو باڵیۆزخانەی ئێران لە باکۆ ئەنجامدراوە.

میدیاکانی نزیک لە حکومەتی ئێران دوای دەرکەوتنی عەباس موسەوی باڵیۆزی ئێران لە ئازەربایجان، لە کلیپێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ ژنە ڕۆژنامەنووسێک بەبێ حیجاب، داوای لەکارلابردنیان کرد.

بەگوێرەی یاساکانی حکومەتی ئێران دەرکەوتنی کاربەدەستانی ئێران لە تەنیشت ژنانی بێ حیجاب قەدەغەیە، هەر بۆیە دەرکەوتنی ئەو باڵیۆزەی ئێران بەو شێوەیە بە "سووکایەتیکردن بە بەهاکانی کۆماری ئیسلامی' دادەنرێت.

دوای بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە، دەزگای هەواڵی تەسنیم کە نزیکە لە حکومەتی ئێران، ئاماژەی بە دوورخستنەوەی موسەوی کرد بەهۆی ئەم چاوپێکەوتنەوە و وتی" ئەرکی موسەوی لە باکۆ کۆتایی هاتووە".

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا وێنەی خومەینی و خامنەیی، ڕێبەری پێشوو و ئێستا و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران هەڵواستراوە، لە تەنیشتی باڵیۆز عەباس موسەوی و ئەو ژنە میدیاکارەی ئازەربایجان، کە حیجابی لەبەر نەبووە.


AM:11:10:30/03/2024