لە سبەینێوە تەنها کار بە کارتی نیشتمانی دەکرێت

لە سبەینێوە کارتی نیشتمانی دەبێتە بەڵگەنامەی فەرمی و بەڵگەنامە كۆنەكانی هاوڵاتییان كاریان پێناكرێت.

وەزیری ناوخۆی عێراق، ڕایگەیاند" پێویستە هاوڵاتییان ئاگاداربن لە سبەینێوە بەڵگەنامە كۆنەكانی هاوڵاتییان كاریان پێناكرێت، تا ئێستاش توانراوە زیاتر %٨٤ هاوڵاتییانی عێراق کارتی نیشتمانیان بۆ دەربهێندرێت".

ئەمڕۆ شەممە، عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" زیاتر لە ٣٦ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە كارتی نیشتمانیان بۆ دەرهێنراوە و لە سیستمی كارتی نیشتمانیدا تۆماركراون".

ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەرەتای مانگی نیسان بەڵگەنامە كۆنەكان لە عێراق كاری پێناكرێت و لە ئایندەدا كارتی نیشتمانی لە بری كارتی دەنگدان بەكاردەهێنرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە مانگی شوباتدا وادەی كاركردنی بە بەڵگەنامە كۆنەكانی باری شارستانی تا ١ مانگی نیسانی ئەمساڵ درێژکردەوە، بۆئەوەی دەرفەتێكی زیاتر بەو هاووڵاتییانە بدرێت تا مامەڵەی كارتی نیشتمانی ئەنجام بدەن.


PM:12:47:30/03/2024